690 ملیار دینار خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان
شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ڕایگەیاند: ڕێکارەکانی خەرجکردنی مووچەی مانگی شەش بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دەستی پێکرد کە 690 ملیار دینارە، ئەو بڕە پارەیەی دەمێنێتەوە هەر ئەمڕۆ ڕێکارەکانی تەواو دەکرێت و ڕەوانە دەکرێت.
پەیامنێری کوردستان24 ئاماژە بەوە دەکات، هەموو ڕێکارەکان بۆ ئەوەیە مووچەی مانگی شەش خەرج بکرێت، وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش سبەی لیستی مووچە بڵاو بکاتەوە.
لەبارەی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستانیش، شڤان جەباری ڕایگەیاند: بڕیارە ئەم هەفتەیە، دوو شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکەن، یەکیان بۆ پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان و ئەو کێشە و گرفتانەی هاتوونەتە بەردەمی، ، هاوکات شاندێک بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە داهاتی ناوخۆ کە ئێستا هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ گفتوگۆیان لەبارەوە دەکات.
بەپێی بوودجەی سێ ساڵە و یاسای دارایی کارگێڕی، پێویستە سەدا 50ـی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕادەستی بەغدا بکرێت، بەڵام وەزارەتی دارایی فیدراڵ و حکوومەتی عێراق داوا دەکەن تەواوی داهاتی ناوخۆی کوردستان ڕادەست بکرێت لەگەڵ سەدا 50ـی داهاتی فیدراڵی.
پەیامنێری کوردستان24 گوتی: لەسەر پرسی داهاتی ناوخۆ، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن، حکوومەتی هەرێمی کوردستانئاماژەی بەوە کردووە، ئامادەییان نییە تەنانەت 120 ملیارەکەش بۆ مانگەکانی داهاتوو ڕادەستی بەغدا بکەن، بەغداش دەڵێت: ئێمەش 120 ملیارەکە وەرناگرین، بەڵکو تەواوی داهاتی ناوخۆمان دەوێت، هەموو پێشبینییەکان بۆ ئەوە دەچن، هەردوولا ڕوو لە دادگای فیدراڵی بکەن بۆ ئەوەی کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکات، بەمەش پێشبینی دەکرێت کێشە بۆ مووچەی مانگەکانی داهاتوو دروست بێت.