32 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی نوورەدین زازا تێپەڕی

"لە گوندێکدا لە دایکبووم، کە ژیان، زانست و شۆڕش و هەموو شتێک بە کوردی بوو"

 

K24 - لۆزان

"لە گوندێکدا لەدایکبووم، کە ژیان، زانست و شۆڕش و هەموو شتێک بە کوردی بوو"، ئەمە دەستپێکی کتێبێکی دکتۆر نوورەدین زازایە، سیاسه‌تمه‌دار و دامه‌زرێنه‌ری یه‌كه‌مین پارتی سیاسی كوردی له‌ رۆژئاوای كوردستان، کە 32 ساڵ بەسەر کۆچی دواییدا تێپەڕی.

نافی بەیرۆ، یەکێک لەو سیاسەتمەدارانەی لە مەراسیمی یادکردنەوەی دکتۆر نوورەدین زازا بەشدار بوو، دەڵێ "ئێمە، وەکو پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا، ئەرکێکی نەتەوەییمان لەسەر شانە، کە رۆژی کۆچی دوایی دکتۆر نوورەدین زازا بکەینەوە، زۆر کەس هاتوون چونکە دکتۆر سەرجەم ژیانی خۆی تەرخانکرد بۆ کێشەی کورد و تاوەکو دوایین رۆژەکانی لە هەوڵدان بەردەوام بوو".

لە ساڵی 1971 دکتۆر نوورەدین زازا، دوای ئەوەی ژیانی لەلایەن داگیرکەرانەوە زەحمەتکرا، پەنابەری سویسرا بوو و چووە شاری لۆزان، ئەو شارەی لێی خوێندبوو و هەر لەوێش بەردەوامیی بە خەبات دا.

دکتۆر زازا دەیگوت "ژیانی من بەڵگەیە لەسەر قڕکردنی گەلی کورد"، لەبەرئەوەش رێکخراوە سیاسی، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دەزگاکانی رۆشنبیری کوردستان لە دەوری گۆڕەکەی کۆبوونەوە و پەیامی وەفادارییان بۆ دووپاتکردەوە.

گیلبەرت زازا، هاوسەری دکتۆر نوورەدین زازا لەسەر گۆڕی هاوسەرە کۆچکردووەکەیەوە بۆ کوردستان24 قسەیکرد و گوتی "زۆرخۆشحاڵبووم کە بینیم ئەمڕۆ چۆن خەڵک و گەلی کورد لەسەر گۆڕەکەی ئامادەبوون و بە دۆزەکەی خۆیانەوە گرێدراون، هەروەها دەبینم چۆن گرنگی بە پاراستنی گەلی خۆیان دەدەن، ئەمە شتێکی ئەرێنییە و کوردستان بەمشێوەیە بەهێزە. سوپاس بۆ گەلی کوردی وەفادار".

لە ساڵی 1988 دکتۆر زازا کۆچی دواییکرد و، لەدوای خۆی کوڕێک و هاوژینە سویسرییەکەی جێهێشت و لە گۆڕستانی لۆزان بەخاکسپێردرا.

 

هـ.ر.