کار بۆ دامەزراندنی وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا بە سیستەمی غاز دەکرێت

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی وەبەرهێنەرانی بیانییەوە، کار بۆ دامەزراندنی وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبای سیستەمی غاز بە گوژمەی(150) ملیۆن یۆرۆ دەکات.
بەپێی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئاڵتان ئانادۆڵ، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای ئەتابیری تورکی کۆبوونەوە، کۆمپانیاکە لەگەڵ کۆمپانیای تەکنۆسی پسپۆر لەبواری دانانی وێستگەی کارەبا بە سیستەمی غاز، پرۆژەکانیان لە جیهان جێبەجێ دەکەن.
وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەو کۆبوونەوەیەدا، کۆمپانیاکان ئامانجی سەردانەکەیان بۆ کوردستان ئاشکرا کرد کە دانانی وێستگەیەکی کارەبایە بە سیستەمی غاز.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو وێستگەیەی کۆمپانیا تورکییەکە دەیەوێت لە کوردستان دایبمەزرێنێت، توانای بەرهەمهێنانی 288 بۆ 440 مێگاوات کارەبای هەیە و تێچووەکەی(150) ملیۆن یۆرۆیە.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، وەزیری کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی هەموو هاوکاریی و پشتیوانییەکی بۆ کۆمپانیاکە دەربڕیووە وەک تەواوی ئەو کۆمپانیایانە لە هەرێمی کوردستاندا وەبەرهێنان دەکەن، لەپێناو پەرەدانی زیاتر بە کەرتی وزەی کارەبا لە هەرێمی کوردستاندا.
ئەمە لە کاتێکدایە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، لە پرۆژەیەکدا بەناوی( پرۆژەی ڕووناکی) دەستی بە دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ تەواوی شار و شارۆچکە و گوند و ناوچە دوورە دەستەکانی هەرێمی کوردستان کردووە.
28ـی ئابی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بارەی پێشکەوتنەکانی پرۆژەی ڕووناکی پەیامێکی بڵاو کردەوە.
لە پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەتدا هاتبوو، نزیکەی 4 ملیۆن هاووڵاتی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و زیاتر لە 115 هەزار شوێنی بازرگانی ئێستا لە ڕێی پرۆژەی ڕووناکییەوە کارەبای 24 کاتژمێرییان هەیە، ئەمەش زیاترە لە 50%ی دانیشتووان، کە دەستکەوتی کەمتر لە ساڵێکە لە دوای ڕاگەیاندنی پڕۆژەکە لە تشرینی یەکەمی 2024ـەوە.
هاوکات گوتبووی، هەروەک بەڵێنمان دابوو پێش وادەی خۆی، کارەبای 24 کاتژمێری گەیشتووەتە ناوەندی شارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە.
مەسرور بارزانی سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشابوو، خۆشحاڵم ڕایدەگەیەنم کە هەڵەبجە یەکەم پارێزگایە لە هەرێمی کوردستان و عێراق، کە بە تەواوی کارەبای 24 کاتژمێریی هەیە.
هەر لە پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەتدا هاتبوو، ڕووناکی تەنیا کارەبای بەردەوام و جێی متمانە نییە، بەڵکوو بەشێکی سەرەکیی خۆشگوزەرانیی کۆمەڵگەیە. تا ئێستا، زیاتر لە سێ هەزار و 200 موەلیدەی گازوایلی گەڕەکەکان کوژێنراونەتەوە، ئەمەش وایکردووە گەڕەکەکانمان پاکتر، تەندروستتر و سەلامەتتر بن بۆ منداڵەکانمان.