مامەڵەیەکی نا دروست بە دراوی کۆن و دڕاو دەکرێت

پارەی دڕاو دەکەین لەناو بازاڕەکاندا، کێشەی بۆ کڕیاران و فرۆشیاران و بازرگانانیش دروستکردووە، دراوەکە مامەڵەی جۆراوجۆری پیدەگرێت و هەر کەسێک بە ئارەزوو و مەزەندەی خۆی، بەها بۆ دراوەکان دادەنێت.

 بۆچی 25 هەزار دیناری عێراقی ئەگەر دڕا بێت، بە نزیکەی 10 بۆ 12 دۆلار دەتوانرێت بگۆڕدرێتەوە، پرسیار ئەوەیە، بۆچی بە دۆلارە و بە دینار نییە، بۆچی ئەگەر دۆلارەکان دڕابن، لێت وەرناگیرێت و پێویستە لە بەرانبەر دیناردا بە نرخی کەمتر لە بەهای خۆی، بفرۆشرێتەوە.

پارە دڕاو، یاخود دڕاو، ئاستەنگی لە مامەڵەکردن لە بازاڕەکاندا دروست کردووە، هاوکات دەبێتە هۆی دروستبوونی بێ متمانەیی لەنێوان کڕیار و فرۆشیاران، بەجۆرێک ئەوانەی پارەی دڕاو وەردەگرن، خۆیان بە زیانمەند دەزانن.

یەک لەوانەی کاری گۆڕینەوەی دراو دەکات لە بازاڕی هەولێر بە کوردستان24ـی گوت: لەبەر ئەوەی ناشرین و دڕاوە، بۆیە 25 هەزار دینارەکە کەمتر لە بەهای خۆی وەردەگیرێت، یەکێکی دیکەش هەر بۆ کوردستان24 دەڵێت: ڕەنگە ئەو 25 هەزار دینارە، 10 دۆلار بکات، فرۆشیارێکی کەلوپەلی جوانکاریش گوتی: کەس لە ئێمەی وەرناگرێت، فرۆشیارێکی دیکەش گوتی: نامانەوێت، بەخۆمان لێمان زیادە.

تەمەنیزۆرینەی دراو، لە ساڵێک بۆ 5 ساڵە بەگوێرەی بەکارهێنان و سوڕی پۆلێنکردن، لەو نێوەندەشدا هیچ پێوەرێکی ستاندارد نییە یەکلایی بکاتەوە کە بەهای ئەم دراوانە چەندە، بەڵکو کڕیارانی بازاڕەکە بەمەبەستی دووبارە فرۆشتنەوە و قازانج کردن وەری دەگرن.

خالید کاکەمین، مامەڵەکاری دراو بۆ کوردستان24 گوتی: ئێمە پارەی ماندوو، یاخود دڕاو لە خەڵکی وەردەگرین، بە ئامێر دەیژمێرین، بە زەرەر دەیدەین بە عەرەبەکان، ئەوان لە ناوچەکانی خۆیان خەرجی دەکەن، دەشڵێت: ئێمە پارەی کۆن و دڕاوی عێراقی بە دۆلار وەردەگرین، بە پارەی عێراقی وەری ناگرین.

ئەمە کێشەیەکی جیهانییە ، بەڵام چارەسەری جۆراو جۆریشی هەیە، بەهۆی خۆڕاگریی زیاتر، کاریگەریی ژینگەیی کەمتر و کاریگەریی تێچوو لە بەرهەمهێنان و گۆڕینەوە بەراورد بەدراوی کاغەزی یاسایی، بازاڕی دراوی  پۆلیمەر، گەشەسەندنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە.

  بەپێی سەرچاوەکان تا ساڵی 2024، لەسەدا 15ـی دراوە جیهانییەکان  بە بەکارهێنانی ژێرخانی پۆلیمەر دروست کراون، کە رێژەی پارەی کۆن و دڕاوی بە شێوەیەکی بەرچاو لە جیهاندا کەم کردووەتەوە.

نازم سەعدی، مامەڵەکاری دراوە و بۆ کوردستان24 گوتی: گۆڕینەوەی دراوی دیناری کۆن و دڕاو بە دراوی دیناری نوێ، حەرام دەبێت و کەس وەری ناگرێت، ئەگەر پەنجا هەزار دیناری ماندوو یاخود دڕاو هەبێت، ڕەنگە بە 20 دۆلار لەبازاڕەکە بکڕدرێتەوە  

بەپێی یاسا، هەموو جۆرە دراوێكی دیناری عێراقی بانكی ناوەندیی لێی بەرپرسیارە، بەکردنەوەی لقی نوێی بانکی ناوەندی عێراق لە هەرێمی  کوردستان، پێویستە پارەی دراو  و کۆن وەربگیرێت، بەڵکو گرفتەکە بۆ هاووڵاتییان و بازرگان و مامەڵەکاران چارەسەر بکات، یاخود حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی کردنەوەی بانکێکی ناوەندی تایبەت بە هەرێمی کوردستان، بتوانێت ئەو پارە کۆن و دڕاوانە بە پارەی نوێ بگۆڕێتەوە.

 

 

Fly Erbil Advertisment