نرخی زێڕ ڕیکۆردی مێژوویی دەشکێنێت و بازاڕی زێڕنگەرانی سست کردووە

نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهان و هەرێمی کوردستاندا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی لە مێژوودا، ئەمەش بووەتە هۆی سستبوونی کڕین و فرۆشتن لە بازاڕی زێڕنگەران و نیگەرانیی هاووڵاتییان، بەتایبەت ئەو کەسانەی کە خۆیان بۆ پرۆسەی هاوسەرگیری ئامادە دەکەن.

نرخەکان بەڕادەیەک بەرزبوونەتەوە کە قاڵبێکی زێڕی یەک کیلۆگرامی، کە پێنج ساڵ لەمەوبەر بەهای 60 هەزار دۆلار بووە، ئێستا نرخەکەی 110 هەزار دۆلاری تێپەڕاندووە، و پێشبینی دەکرێت لە داهاتووشدا زیاتر بەرز ببێتەوە.

ئەم بەرزبوونەوەیە وایکردووە بازاڕی زێڕنگەران چۆڵ بێت. زێڕنگەرێک کە ماوەی 48 ساڵە کاری زێڕنگری دەکات، بە کوردستان24ی گوت: بەهۆی گرانیی نرخەکەوە، ئەو کەسانەی هاوسەرگیری دەکەن، بڕێکی زۆر کەم زێڕ دەکڕن. بە شێوەیەک، سێتێکی زێڕ کە پێشتر 60 مسقاڵ بووە، ئێستا بە هەمان بڕە پارە 15 مسقاڵی پێدێت، کە نرخی 15 مسقاڵ دەگاتە نزیکەی 12 ملیۆن دیناری عێراقی.

زێڕنگرێکی دیکە هۆکاری ئەم بەرزبوونەوە مێژووییە بۆ چەندین کێشەی سیاسی و جەنگ دەگەڕێننەوە و ئاماژەی دا، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان دیکەش، بریتییە لە کڕینی بڕێکی زۆری زێڕ لەلایەن وڵاتانی وەک هیندستان و چین، هەروەها ناسەقامگیریی سیاسی و ئابووری لە جیهاندا.

ئەم دۆخە وایکردووە نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەهای 3549 دۆلار تۆمار بکات، کە ژمارە پێوانەییەکی نوێی مێژووییە.

Fly Erbil Advertisment