مێسی دوای ئەم دوو یارییە بۆ هەتاهەتایە ناگەڕێتەوە
سكاڵۆنی: نەمانی مێسی، زیانی بۆ هەموو جیهان دەبێت

هەڵبژاردەی ئارجێنتینا دوایین دوو یاریی لە پاڵاوتنەكانی مۆندیال بە سەركردایەتی لیۆنێل مێسی دەكات، ئەم دوو یارییەش دەبێتە دوایین یارییەكانی مێسی لە پاڵاوتنەكان، لەمبارەیەوە سكاڵۆنی راهێنەری هەڵبژاردەی ئارجێنتینا رایگەیاند نەمانی مێسی تەنیا زیانی بۆ هەموو جیهان دەبێت.
هەڵبژاردەی ئارجێنتینا بەرەبەیانی رۆژی هەینی، لە یارییەكانی پاڵاوتنی ئەمریكای باشوور، هەڵبژاردەی ئارجێنتینا لەنێو خاكی خۆی میوانداریی ڤێنزویلا دەكات، پاشان رۆژی سێشەممەی داهاتوو ئارجێنتینا بۆ دوایین یاریی پاڵاوتنەكان گەشتی ئیكوادۆر دەكات، ئەم دوو یارییەش دەبێتە دوایین یارییەكانی مێسی لە كاروانی وەرزشی خۆی لە پاڵاوتنەكانی مۆندیال.
سكاڵۆنی: ئاشكرا مێسی لەگەڵمان نامێنێت
لیۆنێل سكاڵۆنی راهێنەری هەڵبژاردەی ئارجێنتینا لە پرێس كۆنفرانسێكدا پێش یاریی داهاتوویان بەرامبەر ڤێنزویلا رایگەیاند شتێكی زۆر روون و ئاشكرایە لیۆنێل مێسی لەگەڵیان نامێنێت، دەشڵێت: راستە ئەم دوو یارییە دەبێتە دوایین یارییەكانی مێسی لە پاڵاوتنەكانی مۆندیال، بەڵام ئارجێنتینا هەر دەمێنێت و بەردەوام دەبێت.
سكاڵۆنی هێمای بۆ ئەوەش كرد نابێت بیر لە سەردەمی دوای مێسی بكەنەوە، گوتیشی: پێویستە چێژ لەم ساتانەی ئێستا لەگەڵ مێسی وەربگرین، مێسی بۆ یاریی داهاتوو لە پێكهاتەی سەرەكی دەبێت، دڵنیام هەركاتێكیش مێسی بڕیاری وازهێنان بدات، زیانێكی گەورە لە ئێمە و هەموو جیهان دەدات، بەتایبەتی ئەوانەی حەز دەكەن مێسی بەردەوام لەنێو یاریگە ببینن.
سكاڵۆنی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا خۆشحاڵ بوو بە ئاستی ماستانتانۆ، لەمبارەیەوە دەڵێت: ماستانتانۆ لە دۆخێكی دەروونی باشدایە و لە ریال مەدرید زۆر گرینگی پێدەدرێت، دڵنیام داهاتوویەكی باش چاوەڕێی دەكات.
هەڵبژاردەی ئارجێنتینا لە قۆناغی پاڵاوتنەكانی ئەمریكای باشوور لە كۆی 16 یاری، 11 بردنەوە، 3 شكست و 2 یەكسانبوونی هەیە و بە كۆكردنەوەی 35 خاڵ گەیشتنی بۆ مۆندیالی 2026 مسۆگەر كردووە.
