یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام لە هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە

ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان، یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام(محەممەد) دروودی خوای لەسەر بێت دەکرێتەوە، لە هەولێری پایتەختیش کە قەڵاکەی بەناوی پێغەمبەری(ئیسلام) دەڕازێندرێتەوە، ڕێوڕەسمێکی تایبەت بەڕێوەدەچێت، خەڵکی لەنێو مزگەوت و تەکییە و خانەقاکان، بە سرووتی ئایینی موناجات و بەخشینەوەی شیرینی، یادەکە لە یەکتر پیرۆز دەکەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ـی ئەیلوولی 2025، کە دەکاتە(12ـی ڕەبیعولئەوەل)، هاووڵاتییانێکی زۆر کە جلی ڕەنگاو ڕەنگ دەپۆشن وەک جەژن، دێنە نێو بازاڕی سەنتەری شاری هەولێر، بەتایبەت نێو پارکی شار، بە دەف لێدان و بەخشینەوەی شیرینی، هەروەها ڕازاندنەوەی شەقام و کۆڵانەکان، یادەکە لە یەکتر پیرۆز دەکەن، ئەو یادکردنەوەیە کە لەنێو زۆرینەی هەرە زۆری مزگەوت و تەکییە و خانەقاکان بە سرووتی ئایینی و خوێندنەوەی مەولوود بەڕێ دەکەن، بۆ ماوەی مانگێک یادکردنەوەکە لەنێو  مزگەوتەکانی هەولێر بەردەوام دەبێت، هەولێریش بەوە ناسراوە، یەکەم شار بووە تێیدا مەولوود بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری(ئیسلام)، لەلایەن سوڵتان موزەفەرەدین کراوەتەوە.

هەر بەو بۆنەوە، دوێنێ چوارشەممە 3ـی ئەیلوولی 2025، فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، بەگوێرەی ساڵنامەی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێنجشەممە، 04ـی ئەیلوولی 2025، لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی محەممەد، پێغەمبەری ئیسلام (د. خ)، پشووی فەرمییە.

هەموو ساڵێک لە 12ـی مانگی (ڕەبیعولئەوەل)ـی کۆچی، موسڵمانان لە سەرتاسەری جیهان یادی لەدایکبوونی محەممەد کوڕی عەبدوڵڵا، پێغەمبەری ئیسلام (د. خ)، دەکەنەوە، کە بە "المولد النبوي" ناسراوە. ئەم یادە پیرۆزە کاتێکە بۆ دەربڕینی خۆشەویستی و ڕێزگرتن لە ژیان و پەیامەکەی پێغەمبەر. 

 لەلایەکی دیکەوە، هەر بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ( ئیسلام)، چوارشەممە 3ـی ئەیلوولی 2025، سەرۆک بارزانی، پەیامێکی بڵاو کردەوە.

لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا هاتبوو، بە بۆنەی هاتنەوەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری مەزن حەزرەتی محەممەد (درودی خوای لەسەر بێت) و جەژنی مەولوود گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم موسڵمانانی کوردستان، عێراق و هەموو جیهان دەکەم.

سەرۆک بارزانی گوتبووی: لە خوای گەورە دەپاڕێینەوە لەم بۆنە پیرۆزەدا دەرگەی میهرەبانی و بەرەکەتی خۆی بۆ گەلی کوردستان و سەرجەم گەلانی ناوچەکە بکاتەوە.

هاوکات هیواداربوو، ئەو بۆنە پیرۆزە ببێتە هۆی كۆتاییهاتنی شەڕ، مەینەتی، ئازاری میللەتان و ئاشتی و دادپەروەری و پێكەوەژیان باڵ بەسەر ناوچەكە و هەموو جیهاندا بكێشێت.

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment