پۆرتوگال.. لە ئەنجامی ترازانی شەمەندەفەر 15 کەس گیانیان لەدەستدا

گوتەبێژی خزمەتگوزاری فریاگوزاریی لیشبۆنە، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند بەهۆی ترازان و پێکدادانی شەمەندەفەری تەلەفریکیی گلۆریا فینیکیولار، لانیکەم 15 کەس گیانیان لەدەستدا و 18 کەسی دیکەش بریندار بوون.

پێنجشەممە، 4ـی ئەیلوولی 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە "شەمەندەفەری تەلەفریکیی گلۆریا، یەکێکە لە هێما گەشتیارییەکانی شاری لێشبۆنە و بەزۆری لەلایەن گەشتیارانەوە بەکار دەهێنرێت. هێڵەکە، لە ساڵی 1885 کراوەتەوە، ناوچەی ناوەڕاستی شار  لە نزیک گۆڕەپانی ڕێستاوادۆرس بە گەڕەکی بالای (Bairro Alto) دەبەستێتەوە، کە بە ژیانی شەوانەی بەناوبانگە. دوێنێ یەکێک لە کابینەکانی لە هێڵ ترازاوە و لە ئەنجامدا 15 کەس مردوون و 18 کەسی دیکەش بریندار بوونە."

 دەسەڵاتدارانی خۆجێی ناو و ڕەگەزنامەی قوربانییەکانیان ڕانەگەیاند. بەڵام گوتیان کە هەندێک هاوڵاتیی بیانی لەنێوان قوربانییەکاندا هەن و برینی پێنج لە بریندارەکان سەختە.

کارلۆس مۆیداس، سەرۆکی شارەوانیی پایتەختی پورتوگال، بە ڕۆژنامەنووسانی وت: "ڕۆژێکی ناخۆشە بۆ شارەکەمان، لیشبۆنە لە ماتەمیندایە، ڕووداوێکی دڵتەزێنە."

 مارسێلۆ ڕیبێلۆ دی سۆزا، سەرۆکی پۆرتوگال، لە بەیاننامەیەکدا ماتەمینی خۆی بۆ ڕووداوە دڵتەزێنەکە دەربڕی و هیوای خواست دەسەڵاتداران بە زوویی هۆکاری پێکدادانەکە دیاری بکەن.

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی پۆلیس، یەکێک لە دوو کابینەکەی تەلەفریکەکە، لە هێڵەکەی ترازاوە و لەگەڵ کابینەیەکی دیکەدا پێکیاندا داوە. هەر یەک لە کابینەکان توانای هەڵگرتنی 40 کەسی هەیە.

پۆرتوگال، و بەتایایبەتی شاری لیشبۆنە، لە دەیەی ڕابردوودا گەشەیەکی گەشتیاری بەخۆوە بینیوە، لەگەڵ قەرەباڵغبوونی ناوچەی ناوەڕاستی شارەکە لە مانگەکانی هاویندا.
وتەبێژێکی نووسینگەی دەرەوە، کۆمۆنوێڵس و گەشەپێدانی بەریتانیا، ڕایگەیاند "پەیوەندییان بە دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی لیشبۆنە کردووە و ئامادەن هاوکاریی قونسوڵگەری پێشکەش بکەن ئەگەر هیچ هاوڵاتییەکی بەریتانی لە ڕووداوەکەدا زیانیان پێ گەیشتبێت."

بەریتانیا گەورەترین سەرچاوەی گەشتیارییە بۆ پورتوگال، دواتر ئەڵمانیا، ئیسپانیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. 

 

 
Fly Erbil Advertisment