سەفین دزەیی: پەیوەندییەکانی فەرەنسا و هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەبن

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: کردنەوەی پارکێک و ڕێڕەوێک بەناوی پێشمەرگە لە پاریس، بەهێزی پەیوەندییەکانی گەلی فەرەنسا و کوردستان نیشان دەدات.

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی، 5ی ئەیلوولی 2025، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: ئەو پێشمەرگانەی خۆیان بەخت کرد لە پێناو نیشتیمان بەرهەمەکەی ئەمڕۆ دەبینین، پێگەی هەرێمی کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتیی بەرزە و بەتایبەتی لەلایەن فەرەنساوە، لە ساڵی 2023 لە سەردانێکدا بۆ پاریس پێشنیاری ئەم ناوەمان کرد.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە گوتی: ئەم پێشنیارەمان بە سەرۆک بارزانی گەیاند و پێی ڕاگەیاندین لە ئەگەری جێبەجێکردنی خۆی ئامادە دەبێت، لە شەڕی دژ بە داعش پێشمەرگە هاوکێشەکەی گۆڕی، ئەمە بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆری وڵاتانی جیهان پشتیوانی خۆیان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دەرببڕن.

سەفین دزەیی، ئاماژەی بەوە کرد، چەند پێشمەرگەیەک لە شەڕی داعش بەشێک لە جەستیان بەخشیوە لە ڕێورەسمەکە ئامادەن، یەکێک لەو وڵاتانەی بەردەوام هاوکاری پێشمەرگەی کردووە، فەرەنسایە.

باسی لەوەش کرد، سەرۆکانی پێشووی فەرەنسا بەردەوام هەوڵیانداوە پەیوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە بەهێزی بهێڵنەوە، لەدوای کۆڕەوەکەی 1991 گەلی فەرەنسا لە هەموولایەکەوە هاوکارییەکانی بۆ گەلی کورد دووپاتکردەوە

ئەمڕۆ هەینی، 5ی ئەیلوولی 2025، لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، لە پارکی ئۆندرێ سیترۆێن، پەردەی لەسەر تابلۆی پێشمەرگە لادا، هەر لەو ڕێوڕەسمەدا، سەرۆک بارزانی گوتارێکی پێشکەش کرد، تێیدا خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی بۆ پاریس و ناونانی پارکێک بە ناوی پێشمەرگە دەربڕی.

سەرۆک بارزانی گوتی: ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە بۆ گەلی کوردستان، فەرەنسا بە درێژایی مێژوو هەمیشە هەڵوێستی مرۆڤایەتی و دۆستایەتی بەرانبەر بە گەلی کوردستان هەبوو.

هاوکات ئاماژەی بەوە دا، فەرەنسا هەمیشە پشتیوانیی دۆزی گەلی کورد بووە، یەکەم وڵات بووە لە ئەورووپا کە ڕێگەی داوە ئینستیوتی کوردستانی لە پاریس بکرێتەوە.

لە بارەی پێشمەرگەوە، سەرۆک بارزانی، ڕایگەیاند: "پێشمەرگە ئەرکێکی پیرۆزی ئەنجامداوە، بەڵام ئەم ڕێزگرتنەی کە ئێوە ئەمڕۆ بۆ پێشمەرگەتان کردووە، گوزارشت لە ڕێزگرتن لە خەباتی پێشمەرگە و دۆستایەتی نێوان گەلی فەرەنسا و گەلی کوردستان دەکات".

 
Fly Erbil Advertisment