سەرۆک بارزانی لە پاریس پەردەی لەسەر تابلۆی پێشمەرگە لادا و شەقامی پێشمەرگەی کردەوە

سەرۆک بارزانی لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە دا، فەرەنسا بە درێژایی مێژوو هەموو کات هەڵوێستی مرۆڤایەتی و دۆستایەتیی بەرانبەر بە گەلی کوردستان هەبووە. هاوکات لەبارەی پێشمەرگەوە گوتی: پێشمەرگە پارێزەری ئازادی و مافی مرۆڤ دەبن، هێزە کوردییەکە بەشێکی فەرمییە لە دامەزراوەی بەرگریی عێراق.
ڕۆژی هەینی 5ـی ئەیلوولی 2025، سەرۆک مەسعود بارزانی، لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، بە ئامادەبوونی ئان هیدالگۆ، سەرۆکی شارەوانیی پاریس و ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئیداری، کەسایەتی، ڕۆشنبیرانی وڵاتەکە، شاندی پارێزگای هەولێر، پێشمەرگە دێرینەکان، کوردانی دانیشتووی ئەوڕووپا و فەڕەنسا لە پارکی ئۆندرێ سیترۆێن، پەردەی لەسەر تابلۆی پێشمەرگە لادا و شەقامی پێشمەرگەی کردەوە.
هەر لەو ڕێوەڕەسمەدا سەرۆکی شارەوانیی پاریس گوتارێکی پێشکەش کرد و ڕۆڵی پێشمەگە و هەرێمی کوردستانی بەرز نرخاند، دواتر سەرۆک بارزانی گوتارێکی پێشکەش کرد و خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی بۆ پاریس و ناونانی شەقامێک بە ناوی پێشمەرگە دەربڕی. سەرۆک بارزانی دوای وتارەکەی لە پاریس مەدالیای ڕێزلێنانی دایە بریندارێکی شەڕی دژی داعش.
هەر لە ڕێورەسمەکەدا سەرۆک بارزانی و ئان هیدالگۆ، سەرۆکی شارەوانیی پاریس و فلیپ گوژۆن، پێشانگایەکی وێنەیان بەسەر کردەوە کە بریتی بوو لە نمایشی چەند وێنەیەک کە پانۆڕامای مێژووی خەباتی پێشمەرگایەتی بوو لە سەردەمی شۆڕشەوە تاوەکوو ئێستا، هەروەها هونەرمەندی کورد شڤان پەروەر چەند گۆرانییەکی پێشکەش کردن و لە کاتی هەڵدانەوەی پەردە لەسەر تابلۆی ڕێگەی پێشمەرگە، ژمارەیەک لە پێشمەرگە دێرینەکان وێنەی یادگارییان لەگەڵ سەرۆک بارزانی چرکاند.
دەقی گوتاری سەرۆک بارزانی لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی ڕێگەی پێشمەرگە لە پاریس:
بە ناوی خودای مەزن
بەڕێز خاتوو هیدالگۆ، سەرۆکی شارەوانیی پاریس، پڕ بە دڵ سوپاسی جەنابت و ئەنجومەنی شارەوانیی پاریس و سەرۆکی شارەوانیی 15ی پاریس دەکەم بۆ ڕێکخستنی ئەم ڕێوڕەسمە گرنگ و مێژووییە. ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە لە مێژووی گەلی کوردستاندا.
فەرەنسا بە درێژایی مێژوو هەموو کات هەڵوێستی مرۆڤایەتی و دۆستایەتیی بەرانبەر بە گەلی کوردستان بووە و لە سەردەمی ژێنراڵ دیگۆل تا ئەمڕۆ هەموو کات فەرەنسا پشتیوانی دۆزی گەلی کوردستان بووە و یەکەم وڵات بووە ڕێگەی داوە ئەنستیتۆی کوردستانی لە پاریس بکرێتەوە. لێرەدا منیش دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ دەنگی تۆ و سوپاسی کاک کەنداڵ دەکەم بۆ ئەو خزمەتە مەزنەی بە خەڵکی کوردستانی کردووە و بۆ نزیک بوون و دۆستایەتی لە نێوان هەردوو گەلی کوردستان و فەرەنسا.
ڕۆژێکی خۆشە و دەرفەت بوو لەگەڵ زۆر دۆستی ئازیز یەکتر ببینینەوە.
پێشمەرگە ئەرکێکی پیرۆزی بەجێ گەیاند. بەڵام ئەو ڕێزەی ئەمڕۆ ئێوە لە پێشمەرگەتان گرت، ئەوە ڕیزگرتنە لە خەباتی پێشمەرگە و ڕێزگرتنە لە دۆستایەتیی نێوان گەلی فەرەنسا و گەلی کوردستان. جەخت دەکەمەوە کوردستان هەموو کات جێی پێکەوە ژیان دەبێت و پێشمەرگە هەمیشە پارێزەری مافی مرۆڤ و ئازادی و دیموکراسی دەبێت. لە شەڕی داعشدا پێشمەرگە 12 هەزار قوربانیی لە شەهید و بریندار دا، بەڵام سەروەرییەکی گەورەی بۆ خۆی و میللەتی خۆی تۆمار کرد کە ئەمڕۆ لە پاریس جێیەگی وا گرینگ، باخچەیەک بە ناوی پێشمەرگەوە بکرێت. ئەمە ڕێزگرتنێکی گەورەیە و بە دڵنیاییەوە ئەوە دەڵێم، تا کوردێک مابێ، سوپاسگوزاری گەلی فەرەنسا و شارەوانیی پاریس دەبێت.
جێی خۆشحاڵییە کە بە گۆرینی حکوومەت، هەڵوێستی فەرەنسا بەرانبەر بە دۆزی گەلی کوردستان نەگۆڕاوە. لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەند گۆرانکاریمان بینی؛ سەرۆک هاتن و سەرۆک چوون بەڵام هەڵوێستی فەرەنسا بەرانبەر بە گەلی کوردستان نەگۆرا. یەکەم سەرۆکی ئەوروپا، سەرۆک میتەران، یەکەم سەرۆک بوو کە سیاسییەکی کورد ببینێت ئەویش ساڵی 92 بوو کە پێشوازیی لە من کرد؛ ئەوە بۆ من سەربەرزییەکی گەورە بوو. یەکەم خانم یا کەسێکی ئەوروپی کە من دیتم فرمێسک بۆ قوربانییانی گەلی کوردستان بڕێژێت، مادام میتەران بوو ساڵی 1989 و ئەمە هیچکات لە بیر ناکرێت.
فەرەنسا و پاریس و میللەتی فەرەنسا لە دڵی میللەتی کوردستاندان. بژی پاریس، بژی هەولێر، بژی دۆستایەتی میللەتی فەرەنسا و میللەتی کوردستان. جەخت دەکەم کە پێشمەرگە پارێزەری ئازادی و مافی مرۆڤ دەبن. پێشمەرگە بەشێکی فەرمییە لە مەنزوومەی بەرگریی عێراق، بەرگری لە هەموو عێراق دەکات لە دژی تیرۆریستان. پێشمەرگە بەردەوام دەبێت لەسەر ڕۆڵی خۆی کە لەجێی هەموو دنیا دژی تیرۆریستان خەبات بکا و ئەمە شەرەفێکی مەزنە بۆ پێشمەرگە و پێشمەرگە ئەرکی خۆی بە پیرۆزی جێبەجێ کرد. لێرەوە سوپاسی پێشـمەرگەکان دەکەم و سڵاو بۆ ئەو پێشمەرگانە دەنێرم کە ئەم ڕۆژەیان بۆمان وەدی هێنا و ئەم سەربەرزییەیان بۆمان هێنایە ئارا. جارێکی دیکە زۆر سوپاس بۆ هەمووتان و زۆر ڕۆژێکی مێژووییە و هەتا من مابم ئەم ڕۆژەم لەبیر ناچێتەوە.