وەزارەتی پەروەردە ساڵنامەی خوێندنی ئەمساڵی پەسند کرد

لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ساڵنامەی خوێندنی 2025-2026، دیاریکرا، وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، هەموو قوتابخانە حکوومی و ئەهلییەکان دەگرێتەوە کە بە سیستەمی وەزارەتی پەروەردە دەخوێنن.
وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە،7ـی ئەیلوولی 2025، بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەی مانگانەی ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە، ساڵنامەی خوێندنی بۆ ساڵی 2025-2026 پەسند کرد.
وەزارەتی پەروەردە ڕایگەیاندووە، ڕۆژی یەکشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2025، دەستپێکی خوێندنی ئەمساڵە، بۆ قوتابخانە حکوومییەکان و ئەو قوتابخانە ئەهلییانەی بە سیستەمی وەزارەتی پەروەردە دەخوێنن.
ئاماژە بەوە کراوە، وردەکاری ساڵنامەی خوێندن بە گشتاندنێک لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تاقیکردنەوەکان و ساڵنامەی خوێندنەوە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان دەکرێت، هەروەها ئەنجوومەنی وەزارەت لە کۆبوونەوەکە دا خشتەی بەشەوانەکانی بۆ ساڵی خوێندنی 2025-2026 پەسەند کرد و دواتر لەلایەن بەرێوەبەرایەتیی گشتیی پرۆگرام و چاپەمەنییەکان گشتاندنی پێدەکرێت و ئاراستەی ناوەندەکانی خوێندن دەکرێت.