کەشتییەکی تورکیا 300 مێگاوات کارەبا بۆ عێراق دابین دەکات

بە گوێرەی گرێبەستێکی وەزارەتی کارەبای عێراق لەگەڵ کۆمپانیایەکی تورکی بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی کارەبا، کەشتییەکی تورکیا کە لە بەندەری خور زوبێر لەنگەری گرتووە، 300 مێگاوات کارەبا بۆ عێراق دابین دەکات.
چوارشەممە، 10ـی ئەیلوول 2025، ئاژانسی فەرەنسا24، لە زاری ئەحمەد مووسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، بڵاوی کردەوە "دوێنێ سێشەممە، وێستگەیەکەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە توانای 300 مێگاوات کە لەسەر کەشتییەکی بارهەڵگری تورکیا دامەزراوە، دوای ئەوەی بە تۆڕی کارەبای نیشتمانییەوە بەسترایەوە، دەستی بەکار کرد."
ئەحمەد مووسا گوتیشی: کارکردن بەردەوامە بۆ بەستنەوەی وێستگەیەکی کارەبای 290 میگاواتی سەر کەشتییەکی دیکە کە لە بەندەری ئوم قەسر لەنگەری گرتووە، بە تۆڕی کارەبای نیشتمانییەوە.
مانگی ڕابردوو، وەزارەتی کارەبای عێراق و کۆمپانیای کارپاوەرشیپی تورکی، گرێبەستێکیان بۆ زیادکردنی 590 مێگاوات بۆ تۆڕی کارەبای نیشتمانیی عێراق، لە ڕێگەی دوو کەشتییەوە، بۆ ماوەی 71 ڕۆژ ڕاگەیاند.
کارەبا، یەکێکە لە هەستیارترین کێشەکانی عێراق، کە تێیدا بچڕانی ڕۆژانەی تەزووی کارەبا بە تایبەتی لە وەرزی هاویندا، کاتێک پلەکانی گەرما لە 50 پلەی سەدی نزیک دەبنەوە، زیاتر دەبێت؛ ئەمەش دەبێتە هۆی ناڕەزایەتیی خەڵک لە وڵاتێکدا کە ژێرخانی ئابوورییەکەی داڕماوە و گەندەڵی تێدا بڵاوبووەتەوە.
عێراق، کە دەیان ساڵ گیرۆدەی ململانێ و جەنگ بوو و بەهۆیەوە ژێرخانی پیشەسازی، بە تایبەتی کەرتی کارەباکەی وێران بووە، تا ئیستاش بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی کارەبای دانیشتووانەکەی، پشت بە هاوردەکردنی کارەبا لە ئێران، ئوردن و تورکیا دەبەستێت.
چاودێرانی ئابووری، ئاماژە بەوە دەدەن، حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق، لە دوای ساڵی 2003ــەوە، دەیان ملیار دۆلاریان بۆ چاککردنی سیستەمی کارەبای وڵاتەکە خەرج کردووە، بەڵام بە هۆی گەندەڵی و بێسەروبەرییەوە دۆخی کارەبا نەک هەر چاک نەبووە، بەڵکوو خراپتر بووە.
بۆ دابینکردنی کارەبای بەردەوام، عێراق پێویستی بە نزیکەی 55 هەزار مێگاوات هەیە. بە قسەی بەرپرسان، ئەم هاوینە بۆ یەکەمجار، وێستگەکانی کارەبای عێراق توانیویانە 28 مێگاوات کارەبا بەرهەم بهێنن، واتە کەمێک زیاتر لە نیوەی ئەو بڕەی بۆ دابینکردنی کارەبای بەردەوام پێویستە.