سێ پڕۆژەی ستراتیژی کارەبا لە سۆران دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە

گوژمەی پڕۆژەکان 6.7 ملیۆن دۆلارە

K24 – ھەولێر:

بەمەبەستی ئامادەسازیی بۆ جێبەجێكردنی سێ پڕۆژەی گرنگ لە دەڤەری سۆران،  بڕیاردرا بەدەستپێكردنی هەر سێ پڕۆژەی راكێشانی هێڵی 132 كەی ڤی خەلیفان - سۆران بە درێژایی 16 كیلۆمەتر و گۆڕینی تەلی هێڵی پاڵەپەستۆی بەرزی 132 كەی ڤی شەقڵاوە - سۆران بەدرێژیی 37 كیلۆمەتر و فراوانكردنی وێستگەی سۆران.

پڕۆژەكان بەتێچوونی 6 ملیۆن و 700 هەزار دۆلار جێبەجێدەكرێ و ماوەی 182 رۆژ دەخایەنێت.

بەتەواوبوونی پڕۆژەكە دەتوانرێت كارەبایەكی باشتر و زیاتر بگەیەنرێتەوە تەواویی دەڤەری سۆران، كە لەكاتی ئێستادا بەهۆی كۆنی و لاوازی هێڵەكەوە وەكو پێویست كارەبا ناگاتە ئەو ناوچه‌یه‌.