لە دیلۆکی باکووری کوردستان وەرزی کۆکردنەوە و وشککردنی 'بیبەری سوور'ـە
لە دیلۆکی باکووری کوردستان وەرزی کۆکردنەوە و وشککردنی 'بیبەری سوور'ـە

لە دیلۆکی باکووری کوردستان وەرزی کۆکردنەوە و وشککردنی 'بیبەری سوور'ـە

لە شارۆچکەی ئیسلاحییەی سەر بە دیلۆکی باکووری کوردستان، وەرزی کۆکردنەوە و وشککردنی 'بیبەری سوور' دەستی پێکردووە. پێشبینی دەکرێت، بەرهەمی ئەمساڵ بگاتە سەرووی 43 هەزار تۆن.

کرێکاران، کە لە بەیانی زووەوە دەست بە کار دەکەن، لە شارەکانی دراوسێ وەک دیاربەکر، ئادیامان و شانلیئورفاوە دێن و لە پلەی گەرمای 40 پلەدا کار دەکەن بۆ کۆکردنەوەی بیبەر. بیبەرە کۆکراوەکان، دوای جیاکردنەوەی قەد و پاشماوەکانیان، لە ئامێرەکاندا ورد دەکرێن و لەژێر خۆردا وشک دەکرێنەوە. پاشان لە 26 کارگەی شارۆچکەکەدا پرۆسەیان لەسەر دەکرێت و بۆ بازاڕەکانی ناوخۆ و دەرەوە دەنێردرێن.

عوسمان ئەردۆغان، سەرۆکی ژووری کشتوکاڵی ئیسلاحییە، ڕایگەیاند، 8 هەزار کرێکار لە ناوچە جیاوازەکانەوە کار لەسەر ئەو بەرهەمە دەکەن و گوتی: "خەڵک لە زۆر شوێنی وڵاتەوە بۆ کارکردن دێنە ئێرە. کارەکانی کۆکردنەوەی بیبەر و لادانی پاشماوە ئەنجام دەدرێن. ئەمساڵ پێشبینی 43 هەزار و 200 تۆن بەرهەم دەکەین."