تەڵال ئال شێخ: كریستیانۆ بارگرانییە لەسەر نەسر

تەڵال: كێشەكانی نەسر بەهۆی مانەوەی كریستیانۆ هەروەكو خۆی دەمێنێتەوە

كریستیانۆ رۆناڵدۆ لەگەڵ تەڵال ئال شێخ سەرۆكی پێشووی یانەی شەبابی سعوودیە
كریستیانۆ رۆناڵدۆ لەگەڵ تەڵال ئال شێخ سەرۆكی پێشووی یانەی شەبابی سعوودیە

تەڵال ئال شێخ، سەرۆکی پێشووی یانەی شەبابی سعوودیە، هێرشی کردە سەر کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ و بە بارگرانی لەسەر یانە سعوودییەكە وەسفی دەكات و دەشڵێت: گەورەترین كێشەی ئێستای نەسر تەنیا كریستیانۆیە.
تەڵال ئال شێخ، یەكێك لە كەسایەتییە ناودارە وەرزشییەكانی سعوودیە لە چاوپێكەوتنێكی تەلەڤزیۆنی دا هۆكاری كێشەكانی یانەی نەسر دەستنیشان دەكات و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، نەسر سەرەڕای گواستنەوەی چەندان ئەستێرە لە مێركاتۆی ئەم هاوینە، بەڵام بەهۆی كریستیانۆ یانەكە زەحمەتە ئامانجەكانی بپێكێت.
تەڵال ئال شێخ، ئەندامی پێشووی فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعوودیە دەشڵێت: یانەی نەسر لەم هاوینە چەندان ئەستێرەی ناوداری وەک جواو فیلیکس و کینگسلی کۆمان گواستەوە، بۆیە پێشبینی دەكرێت هێزی هێرشبەری نەسر بەهۆی ئەم دوو یاریزانە دوو هێندە زیاد بکات، بەڵام كێشە گەورەكەی نەسر بەهۆی كریستیانۆ هەر وەكو خۆی دەمێنێتەوە.
تەڵال گوتیشی: کێشەکەی نەسر بەگشتی لە بوونی كریستیانۆ رۆناڵدۆ كۆ دەبێتەوە، پێموایە دیسان دەبێتە بارگرانی لەسەر تیپەكە، جگە لەوەش پێشبینی دەكەم کەموکورتی لەم وەرزە لە هێڵی بەرگریش دروست بێت، هەرچەندە تیپەکە هێرشبەری درەوشاوەی هەیە، بەڵام لەڕووی بەرگرییەوە زۆر لاوازتر دەبێت و زەحمەتە هاوسەنگی دروست بكات.
تەڵال ڕوونیشیکردەوە، یەکێک لە هۆکارە گرنگەکان ئەوەیە کە تیپەکە ناتوانێت بەتەواوی فشار بخاتە سەر یاریگەی بەرامبەر، چونکە تەمەن و بارودۆخی ڕۆناڵدۆ و باری جەستەیی ڕۆناڵدۆ ڕێگەی پێنادات فشار دروست بکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر نەسر گرێبەستی ڕۆناڵدۆی نوێ نەکردبایەوە و یاریزانێکی دیکەی بە بەهای جیهانی گواستبایەوە ئەوا زۆر باشتر دەبوو، ئەوكات دەکرا ڕۆناڵدۆ وەک بەڕێوەبەری وەرزشی لە یانەكە مابایەوە، دەبوو كارگێری نەسر لە جیاتی نوێكردنەوەی گرێبەستی ئەو یاریزانە پۆرتوگالییە، سوودی لەو پارەیە وەرگرتبا كە دەمایەوە بۆ ئەوەی یاریزانێكی دیكەی سووپەری پێ بگوازێتەوە.

 

 
Fly Erbil Advertisment