وەزارەتی بازرگانی عێراق: نیو تریلیۆن دینار بۆ پاڵپشتی جووتیاران دابەشدەکرێت

وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕایگەیاند، دابەشکردنی بڕی نیو تریلیۆن دینار بۆ پاڵپشتیکردنی جووتیاران لە هەموو پارێزگاکان دەستی پێ کرد.
ئەسیر داود غریری، وەزیری بازرگانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتی "سەرۆک وەزیران ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر تەرخانکردنی بڕی (500) ملیار دینار بۆ پاڵپشتیکردنی جووتیاران لە هەموو پارێزگاکانی عێراق، ئەمەش لە چوارچێوەی پاڵپشتیکردنی جووتیاران و بەرزکردنەوەی بەرهەمی کشتوکاڵییە"، جەختیشیکردەوە "بڕیارەکە ئامانج لێی بەهێزکردنی جووتیاران و دابینکردنی پێداویستییەکانە بۆ پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ، کە بەشدارە لە بەدەستهێنانی ئاسایشی خۆراک و پشتگیریکردنی ئابووری نیشتمانی."
هاوکات حەیدەر ئەلگەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانی دانەوێڵە گوتی: "کۆمپانیاکە لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکان هەماهەنگی دەکات بۆ دانانی میکانیزمێکی شەفاف و دادپەروەرانە بۆ دابەشکردنی ئەو بڕە پارەیە."
ئاماژەی بەوەش کرد، دەبێت دڵنیابن لەوەی جووتیارانی هەموو پارێزگاکانی عێراق لە بڕیارەکە سوودمەند دەبن"، دەشڵێت "ئەم پاڵپشتییە هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەرزکردنەوەی متمانەی جووتیاران و هاندانیان بۆ زیادکردنی بەرهەمەکانیان و فراوانکردنی زەوییە چێنراوەکانیان، تاوەکوو خۆبژێوی بەرز بکاتەوە و سەقامگیریی لە بازاڕی ناوخۆییدا دروست بکرێت."
دوێنێ یەکشەممە، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمی کوردستان، لەبارەی شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستانەوە بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، حکوومەتی عێراق دەستی بە دابەشکردنی پارەکە کردووە، بەڵام بەهۆی دواکەوتنی وەرگرتنی گەنم لە هەرێمدا (کە درەنگتر لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق پێدەگات)، پارەکە بە چەند وەجبەیەک دەگات. ئەمساڵ حکوومەتی عێراق بڕی 400 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێم وەرگرتووە، ئێمەش بەپێی ڕۆژی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە سایلۆ پارەکە دابەش دەکەین.
گوتیشی: حکوومەتی عێراق پارساڵ پێنج ملیۆن و 300 هەزار تۆن گەنمیان وەرگرتووە، بەڵام ئەمساڵ چوار ملیۆن 300 هەزار تۆن، ئەو برەیان دابەشی پاریزگاکانی عێراق کرد، لەوچوارچێوەیە ئێمە 300 هەزار تۆنمان بەرکەوت.