بازرگانی هەرێمی کوردستان: تاوەکوو ئێستا بڕی گووژمەی شایستە داراییەکانی جوتیاران دیار نییە

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، لە چەند ڕۆژی داهاتوو شایستە دارایییەکانی جوتیاران لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عێراقەوە دەگات و لەگەڵ گەیشتنی ڕاستەوخۆ دابەشدەکرێت.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە، 15ـی ئەیلوولی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لە چەند ڕۆژی داهاتوو بەشی یەکەمی شایستە داراییەکانی جوتیارانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت، بەڵام تاوەکوو ئێستا گووژمەکەی دیارینەکراوە.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ئاماژەی بەوە کرد، بەگوێرەی ڕێژەی ژمارەی دانیشتووان بێت، لە بودجە دیاریکراوە، گووژمەی تەواوی هەموو عێراق 500 ملیار دینارە، لەو بڕە 12.67% پشکی هەرێمی کوردستانە و لەگەڵ گەیشتنی بڕە پارەکە ڕاستەوخۆ دابەشدەکرێت.
ئەم ساڵ حکوومەتی عێراق 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی بە نرخی 850 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک وەرگرت، کە بەهاکەی 340 ملیار دینارە.
ئەو بڕە گەنمەی لە لای جووتیارانی هەرێمی کوردستان مابووەوە، لە لایەن هەردوو کۆمپانیای ناوخۆیی، "خۆشناو و قەیوان"ـەوە لە جووتیاران وەرگیرا.
لە 15ـی ئابـەوە، پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە لایەن ئەو دوو کۆمپانیا ناوخۆییەوە کۆتایی هاتووە، نزیکەی 40 هەزار تۆن گەنمیان وەرگرتووە کراوە و هیچ بڕە گەنمێک لای جووتیاران نەماوە.