"ئامۆریم بەهۆی كەللەڕەقییەكەی خەریكە خۆی لەناودەبات"

ئامۆریم بڕیاری داوە فەلسەفە كارەساتبارەكەی نەگۆڕێت

رۆبن ئامۆریو، راهێنەری یانەی مانچێستەر یونایتد
رۆبن ئامۆریو، راهێنەری یانەی مانچێستەر یونایتد

ڕوبن ئامۆریم، ڕاهێنەری پۆرتوگالی هەڕەشەی دوورخستنەوەی لە یانەی مانچێستەر یونایتدی لەسەرە، ئەمەش دوای ئەوە دێت لەم وەرزە لە كۆی چوار یاری پرێمەرلیگ دوو یاریی دۆڕاندووە و لە جامی كاراباویش بەرامبەر یانەیەكی پلەچواری خولی ئینگلیزی دۆڕا و ماڵئاوایی لە خولەكە كرد، بەمەش ئامۆریم خراپترین دەستپێكی لەگەڵ شەیتانە سوورەكان تۆمار كرد كە لەوەتەی وەرزی 1992 ـ 1993 یانەكە رووبەڕووی ئەو دۆخەی ئیستا نەبووەتەوە.
رۆبن ئامۆریم، لە كۆتاییەكانی 2024 لە شوێنی تێن هاگ پۆستی راهێنەرایەتی یانەی مانچێستەر یونایتدی وەرگرت، بەڵام ئەو راهێنەرە هێشتا نەیتوانیوە وەرزە كارەساتبارەكەی وەرزی رابردووی یانەكە لەبیر هاندەرانی یانەكە بباتەوە.

"ئامۆریم یونایتدی تێكداوە"
ئەو راهێنەرە لەگەڵ دەستبەكاربوونی وەكو راهێنەری مان یونایتد، شێواز و پلانی یاریكردنی مان یونایتدی بۆ (3 ـ 4 ـ 3) گۆڕیوە، ئەم شێوازە هیچ كاتێك لە ساڵانی رابردوو لە یانەكە بەكارنەهاتووە، بەڵام ئامۆریم سوورە لەسەر ئەم پلانە كە هەمان ئەو پلانەیە كە پێشتر لەگەڵ یانەی سپۆرتینگ لیسبۆنا بەكاری هێناوە، ئەو راهێنەرە رایگەیاندووە بەو شێوازە راهاتووە و نایگۆڕێت تەنانەت ئەگەر لە پۆستەكەشی دووربخرێتەوە.                  
ئەم پلانەی ئامۆریم وایكردووە مان یونایتد لەگەڵ ئەم سیستەمە شكست بێنێت، تەنانەت كاریگەری خراپیشی دروستكردووە، دیارترینیان بەكارهێنانی بڕۆنۆ فێرناندێز لە زۆر حاڵەتدا وەكو بەرگریكار، ئەمەش كاریگەری خراپی لە ئەنجامەكانی یونایتد كردووە، بەوپێیەی ئامۆریم نەیتوانیوە لەڕووی هێرشبەری سوود لە بڕۆنۆ وەربگرێت.

 

ئەنجامە کارەساتبارەکان
لە ماوەی 10 مانگدا لە سەردەمی ئامۆریم مانچێستەر یونایتد 47 یاریی لە سەرجەم پاڵەوانێـتییە جیاوازەكان كردووە، رێژەی بردنەوەكانی تەنیا 36% بووە، بەڵام رێژەی بردنەوەكانی لەگەڵ سپۆرتینگ لیسبۆنا 71% بووە، هۆكارەكەشی ئەوەیە ئامۆریم بەبێ ئەوەی لە دۆخی یونایتد تێ بگات كە هەمان كەرەستە و یاریزانی لە مان یونایتد لەبەردەستە نییە بۆ ئەوەی بە هەمان شێوازی لیسبۆنا یاریی بكات، بەڵام ئەو راهێنەرە كەللەرەقی دەكات و پلانەكەی ناگۆڕێت.
ئامۆریم تەنیا 18 سەرکەوتنی لەگەڵ شەیتانە سوورەکان بەدەستهێناوە، لە بەرامبەردا 20 یاری دۆڕاندووە و لە 9 یاری دیکەشدا یەکسان بووە، لە پرێمەرلیگیش لە كۆی 31 یاری، تەنیا هەشت یاری بردووەتەوە لەگەڵ 16 دۆڕان و 7 یەکسانبوون.
لە لایەكی دیكەیشەوە، یونایتد لەگەڵ ئامۆریم لە 47 یاریدا 91 گۆڵی لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان لێ كراوە، بەمەش بۆ هەر یارییەك دەكاتە دوو گۆڵ، ئەمەش رێژەیەكی كارەساتبارە، بەڵام لەڕووی هێرشبەرییەوە یونایتد لەژێر سەرپەرشتی ئامۆریم 92 گۆڵی كردووە.

بەهۆی كەللەڕەقییەكەی لە دوورخستنەوە نزیك بووەتەوە
سەرەڕای دۆڕانی ئەم دواییەی مانچێستەر یونایتد (3 ـ 0) لە دێربی مانچێستەر، بەڵام ئامۆریم رایگەیاند شێوازی كاركردنی ناگۆڕێت و سوورە لەسەر بەكارهێنانی فەلسەفەی یاریكردنی تەنانەت ئەگەر لە پۆستەكەشی دووربخرێتەوە ستایلی یاریكردنەكەی دەستكاری ناكات.
ئامۆریم لەمبارەیەوە گوتی: من بەردەوام دەبم لە یاریکردن بە شێوازی خۆم، راستە ئەنجامەكان خراپن، بەڵام زۆر شت هەیە کە ئێوەی راگەیاندكاران نازانن لە چەند مانگی ڕابردوودا چی ڕوویداوە.
بەگوێرەی میدیایەكانی بەریتانیا، ئەم سەرسەختییە لە کۆتاییدا وادەكات ئامۆریم دەربكرێت، بەهۆی پێداگیری لە بەكارهێنانی فەلسەفەی یاریكردنەكەی، بەبێ ئەوەی بیر لەوە بكاتەوە ئەو فەلسەفەیە هاوتەریب نییە لەگەڵ تایبەتمەندی یاریزانەكانی ئێستای، بەڵام ئەو سوورە لەسەر جێبەجێكردنی ئەو پلانەی لەنێو یاریگە.
پێگەی سەنی بەریتانیا راپۆرتێكی شیكاری بڵاوكردووەتەوە و نووسیویەتی: ئەم فەلسەفەیە بۆ پێكهاتە و سرووشتی یاریزانەكانی لیسبۆنا گونجاو بوو، ئەنجامی ناوازەی بەدەستهێنا، زنجیرەیەك سەركەوتنی بەبێ دۆڕان تۆمار كرد، لە چامپیۆنزلیگ بە ئەنجامی 4-1 لە مانچێستەر سیتی بردەوە. بەڵام پێدەچێت ئامۆریم هێشتا درک بەوە نەکات کە سەرکەوتنەکانی لەگەڵ سپۆرتینگ مەرج نییە بۆ مان یونایتد دەست بدات، پێدەچێت لە كۆتاییەكەیدا بەدەستی خۆی، خۆی هەڵبواسێت و لە یونایتد دەربكرێت.

 

 
Fly Erbil Advertisment