چاودێری بازرگانی: لە فێستیڤاڵەکاندا، بەرهەمی ناوخۆ بەناوی بەرهەمی دەرەکی ساغ کراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی هەولێر ڕایگەیاند، بە توندی ڕووبەڕووی ئەو پێشێلکاریانە دەبێتەوە کە لە فێستیڤاڵ و چالاکییە گشتییەکاندا ئەنجام دەدرێن، بەتایبەت لە بواری گرانفرۆشی و ساغکردنەوەی کەلوپەلی ساختە یان بەسەرچوو.
ئەمڕۆ سێشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2025، هۆگر عەلی، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لیژنەی تایبەت و جێگیر بەردەوام چاودێری بازاڕ دەکەن و داوا لە هاووڵاتیان دەکات لە هەر پێشێلکارییەک ئاگاداریان بکەنەوە.
هۆگر عەلی ئاماژەی بەوەدا، لیژنەیەکمان چاودێری ئۆفیسیان لە شوێنی چالاکییەکان دەبێت و نرخی هەموو کەلوپەلێکیشیان لا بەردەستە، بۆ ئەوەی ڕێگری لە گرانفرۆشی بکرێت. گوتیشی: "زۆر حاڵەت هەبووە هاووڵاتی هاتووە لە چالاکییەکان یان فێستیڤاڵ و پێشانگاکان، سکاڵای کردووە لەسەر نرخ یان کوالێتی کەلوپەلەکان، ئێمە خاوەن کەپرەکەنمان یاخود شوێنەکەمان ئاگادار کردووەتەوە و سزامان داوە."
لەلایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی هەولێر ئاشکرای کرد، ژمارەیەک کەس دەستگیرکراون و سزادراون بەهۆی فرۆشتنی کەلوپەلی ساختە. بە گوتەی هۆگر عەلی، ئەو کەسانەی بەرهەمی ناوخۆییان بە نایلۆن و ئاڵای وڵاتانی وەک ئەڵمانیا، بەریتانیا یان سویسڕایان لەسەر داناوە بۆ ساغکردنەوە دەستگیر کراون، ئەم کارە بە پێچەوانەی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی 1957ـی تایبەت بە تۆمارکردنی بڕگەی ماددەی "5-3"ە، کە ڕێگە نادات ئاڵای وڵاتانی دیکە لەسەر بەرهەم و کەلوپەلی ناوخۆیی دابنرێت یان دەستکاری بکرێت.
هۆگر عەلی ڕاشیگەیاند، لەسەر ئەم پێشێلکارییە، جگە لە دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلەکان، سزایەکی دارایی بە بڕی سێ ملیۆن و نیو دینار بەسەر ئەو کەسانەدا سەپێندراوە و بەڵێننامەیان لێ وەرگیراوە و زیندانیش کراون. ئەم هەنگاوانە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی هەولێر دێت بۆ پاراستنی مافی بەکاربەر و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە ساختەکاری و فێڵێک لە بازاڕدا.