گەندەڵییەکی گەورە لەبارەی باڵۆن دۆری ئەمساڵ ئاشکرابوو

رۆژنامەنووسێکی ئوسترالی کەیسێکی گەورە ئاشکرا دەکات

رۆژنامەنووسێکی ئوسترالی گەندەڵییەکی گەورە لەبارەی خەڵاتی باڵۆن دۆری ئەمساڵ ئاشکرا دەکات، ئیمەیڵێکی بۆ هاتووە کۆمپانیایەک داوای لێکردووە بۆ دەنگدان بۆ براوەی باڵۆن دۆر پشتیوانی ناڕاستەوخۆی عوسمان دێمبێڵێ بکات.

نیل گاردنەر رۆژنامەنووسێکی ئوسترالییە لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی X بۆمبێکی گەورەی تەقاندووەتەوە، ئەم رۆژنامەنووسە دەڵێت :'کۆمپانیایەکی بواری بەبازاڕکردن و ریکلام و پەیوەندییەکان ئیمەیڵێکی بۆ ناردووم، داوای لێکردووم بۆ ماوەی مانگێک لە تویتەر بەشداریی کەمپەینێک بکەم بۆ ئەوەی عوسمان دێمبیلێ خەڵاتی باڵۆن دۆری ئەمساڵ بباتەوە'.

رۆژنامەنووسە ئوسترالییەکە دەقی ئەو ئیمەیڵەی بڵاوکردووەتەوە کە بۆی نێردراوە، داوای لە نیل گاردنەر کردووە بۆ ماوەی مانگێک هەر هەفتەیەک سێ تویت لەبارەی کاریگەری و رۆڵی دێمبێڵێ بکات و پشتیوانی هێرشبەرە فەڕەنسییەکە بکات بۆ ئەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆری ئەمساڵی پێبدرێت، کە وابڕیارە رۆژی 22ـی ئەم مانگە لە پاریس براوەی باڵۆن دۆری 2025 رابگەیەنرێت و عوسمان یەکێکە لە بەربژێرەکانی بەدەستهێنانی خەڵاتەکە.

تۆڕی وەرزشی 'ئاتلێتیک' بەدواداچوونی بۆ سەرچاوەی ئیمەیڵەکە کردووە و بنکۆڵکاری بۆ ناسنامەی کۆمپانیایەکە کردووە، کەسانی دەوروبەری دێمبێڵێ رەتیانکردووەتەوە هیچ پەیوەندییەکیان بەو کۆمپانیایە هەبێت و بە ئاتلێتیکیان راگەیاندووە، ئەوان هیچ هەوڵێکیان بۆ دروسکردنی کەمپەین نەداوە، چونکە چەند رۆژێکیشە ماوەی دەنگدان بۆ براوەی خەڵاتەکانی باڵۆن دۆر کۆتایی هاتووە، کە بەگوێرەی یاسای خەڵاتەکە 100 رۆژنامەنووس لەو 100 وڵاتەی لە ریزبەندیی فیفا لە پلەکانی پێشەوە دێن، مافی دەنگدانیان دەبێت.

رۆژی 4ـی ئەم مانگە ماوەی دەنگدان بۆ براوەی باڵۆن دۆری 2025 کۆتایی هات، کە رۆدری ساڵی رابردوو تۆپی زێڕینی بەدەستهێنا و گۆڤاری فڕانس فوتبۆڵ و رۆژنامەی لیکیپی فەڕەنسی سەرپەرشتی خەڵاتەکە دەکەن و ساڵی رابردوو فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا وەکو هاوبەشێک سەرپەرشتی رێوڕەسمەکەی کرد.

 
 
Fly Erbil Advertisment