ئەمڕۆ مۆندیالی خانمان لە هەرێمی كوردستان دەستپێدەكات

محەمەد دۆسەری: ئارامی و سەقامگیری هەولێر هۆكار بوو بۆ ئەوەی ئەو پاڵەوانێتییە بێنینە هەرێمی كوردستان

محەمەد دۆسەری سەرۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بچووكراوەی خانمانی جیهان لەگەڵ سەردار ئیسماعیل بەڕێوەبەری گشتی وەرزش لە هەرێمی كوردستان
محەمەد دۆسەری سەرۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بچووكراوەی خانمانی جیهان لەگەڵ سەردار ئیسماعیل بەڕێوەبەری گشتی وەرزش لە هەرێمی كوردستان

ئەمڕۆ مۆندیالی تۆپی پێی بچوککراوەی خانمان دەستپێدەکات و هەڵبژاردەی کوردستان لە یەکەمین یاری رووبەرووی هەڵبژاردەی خانمانی ئوردەن دەبێتەوە، محەمەد دۆسەری سەرۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بچووكراوەی خانمانی جیهان رایگەیاند بەهۆی ئەو ئارامییەی لە هەرێمی كوردستان هەیە بڕیار درا ئەو پاڵەوانێتییە لە هەولێر بەڕێوە بچێت.
مۆندیالی تۆپی پێی بچوككراوەی خانمان بۆ یەكەمجار لە هەولێری پایتەخت بە بەشداریی هەشت هەڵبژاردەی كیشوەرە جیاوازەكانی جیهان بەڕێوە دەچێت، هەڵبژاردەكان دابەش كراون بەسەر دوو كۆمەڵە، كوردستان لە مۆندیالی تۆپی پێی بچووككراوەی خانمان هاوشانی هەڵبژاردەكانی (ئوردن، پاكیستان و لوبنان) یاریی دەكات. كۆمەڵەی دووەمیش پێكهاتوون لە هەڵبژاردەكانی (بەرازیل، ئۆگەنەدا و میسر).
محەمەد دۆسەری سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان سەرسامی خۆی دەربڕی بەو پێشوازییە گەرمەی هەرێمی کوردستان لە پاڵەوانێتییەكە، دەشڵێت: دڵنیام جامی جیهانی تۆپی پێی ئافرەتان لە هەولێر زۆر بە سەرکەوتوانە بەڕێوە دەچێت، ئارامی و سەقامگیری ئەو ناوچەیە هۆكار بوو بۆ ئەوەی ئەو پاڵەوانێتییە بێنینە هەرێمی كوردستان.
مۆندیالی تۆپی پێی بچووكراوە بە سپۆنسەری میدیایی كوردستان24 بەڕێوە دەچێت، هەڵبژاردەی خانمانی كوردستان لە یەكەمین یاریی ئەمڕۆ لە یاریگەی زانكۆی جیهان رووبەڕووی ئوردن دەبێتەوە، یارییەكەش لە كاتژمێر 07:15 خولەكی ئێوارە بە كۆمێنتاری هەرێم قەرەناوی دەكرێت.

هەڵبژاردەی كوردستان بە راهێنەرایەتی مەزن محەمەد و بە یاریدەدەرەكانی (زینە جەمیل و لەنیا سدیق) بەشداریی لە پاڵەوانێتییەكە دەكات، بڕیاریشە یاریی كۆتایی لە رۆژی 22ـی ئەم مانگە لە هەولێر بەڕێوە بچێت.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment