نووسەرێکی کورد قورئانی پیرۆزی بۆ سەر شێوەزاری کرمانجی وەرگێڕا

نووسەرێکی کوردی باکووری کوردستان، قورئانی پیرۆزی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و شێوەزاری کرمانجی و ئاماژە بەوە دەکات، کورد مافی خۆیەتی بە زمانی خۆی لە پەیامەکانی خودای گەورە تێبگات.

د. فازڵ بەدرخانئۆغڵو، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: چەندین ساڵە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ ئایینی ئیسلام و زمانی کوردی دەکات و لە ئەنجامی هەوڵ و تێکۆشانەکانی بۆ زمانی کوردی، توانی بەرهەمێک بخاتە بەر دیدی خوێنەران بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی کوردی موسڵمان سوودی لێ ببینن.

فازڵ بەدرخانئۆغڵۆ گوتی: دوای هێرشی دڕندانەی داعش بۆ سەر گەلەکەمان و فێڵ کردن لە ژمارەیەک گەنجی ئێمە بەناوی ئایینەوە، بڕیارمدا لە ساڵی 2017 دەست بە وەرگێڕانی قورئانی پیرۆز بکەم، بۆ ئەوەی چیتر بە هەڵە لە دەقە شەرعییەکان تێنەگەن و سوود بە کۆمەڵگەی کوردی بگەیەنێت.

گوتیشی: بۆ ئەوەی منداڵ و نەوەکانمان زانیارییان هەبێت، لە پەیامی خودای گەورە دا شەڕ و کوشتن نییە، بەڵکوو ئاشتی و تەبایی  و مرۆڤایەتی هەیە.

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد،بە ئەرکم زانی پەیامی خوای گەورە کە قورئانی پیرۆزە بە زمانی شرینی کوردی و شێوەزاری کرمانجی بگەینم، چونکە قورئانی پیرۆز بۆ هەموو گەل و نەتەوەکان هاتووە، بەشی زۆریان وەرگێرانییان بۆ کراوە، پێویستە ئێمەش بە زمانی کوردی لە پەیامەکان تێبگەین.

د. فازڵ بەدرخانئۆغڵو، دوای ئەوەی بڕوانامەی دکتۆرای بەدەستهێنا و لە ساڵی 2017 لە زانکۆ خانەنشینکرا دەستی بە وەرگێڕانی قورئانی پیرۆز کرد.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment