هه‌سه‌ده 600 ده‌ستگیركراوی خه‌ڵكی سووریای ئازاد كرد
به تۆمه‌تی ئه‌ندامێتیان له رێكخراوی داعش ده‌ستگیركرابوون

K24 – هه‌ولێر:
هێزه‌كانی سووریای دیموكرات(هه‌سه‌ده)، (600) كه‌س له‌و ده‌ستگیركراوانه‌ی ئازاد كرد، كه به تۆمه‌تی ئه‌ندامێتیان له رێكخراوی داعش ده‌ستگیركرابوون.
هاوكات پێش چه‌ند رۆژێك، ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوبه‌ری باكوور و خۆرهه‌ڵاتی سووریا، بڕیاری لێبوردنی بۆ (631) ده‌ستگیركراوی نزیك له داعش ده‌ركرد، كه له زیندانه‌كاندا هه‌بوون و رایگه‌یاند، ئه‌و زیندانیانه نیوه‌ی ماوه‌ی حوكمه‌كه‌یان له زیندان به‌سه‌ر بردووه، بۆیه به‌ر لێبوردن كه‌وتوون.
هاوسه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی سووریای دیموكرات، "ئامینه عومه‌ر"، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، له شاری "قامشلۆ"ی باكووری خۆرهه‌ڵاتی سووریا، رایگه‌یاند، ئه‌و كه‌سانه‌ی خه‌ڵكی سووریا‌ن، هه‌ماهه‌نگی و په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ داعش هه‌بووه، ده‌ستگیركراوون، ئه‌گه‌ر هیچ تاوانێكیان دژی خه‌ڵكی سووریا نه‌كردبێت، ئازاد ده‌كرێن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئازادكردنی ئه‌و كه‌سانه له‌سه‌ر داواكاری سه‌رۆك هۆز و كه‌سایه‌تییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ناوچه‌كه‌یه، كه له ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوبه‌ری باكوور و خۆرهه‌ڵاتی سووریا‌ن.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، هاوسه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی له ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوبه‌ری رۆژئاوای كوردستان، "عماد كراف" رایگه‌یاند، (4418) كه‌سی خه‌ڵكی سووریا له زیندانه‌كانی ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوبه‌ری چاودێری ده‌كرێن.
پێشتریش، هێزه‌كانی سووریای دیموكرات، ده‌یان كه‌سی ئازاد كردووه، دوای ئه‌وه‌ی سه‌رۆك هۆزه‌كان كه‌فاله‌تیان كردوون و ده‌سته‌به‌ری ئه‌وه‌یان داوه، كه ئه‌و ئازادكراوانه ناگه‌ڕێنه‌وه ریزی داعش.
به‌رپرسانی هه‌سه‌ده، رایانگه‌یاندووه، ئامانجیان له‌و بڕیارانه، كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ستیاری عه‌ره‌بی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتیانه به‌رامبه‌ر به كورد، به‌و پێیه‌ی هه‌سه‌ده هێزێكی كوردییه و عه‌ره‌ب و كلدان و ئاشووری و توركمانی تێدایه.