پینەدۆزێک 30ساڵە دەست و پەنجەکانی لەگەڵ دەزووداوو بزماردا نەرم کردووە

فواد پینەدۆز، وێنە، شۆڕش هەرکی_ کوردستان24
فواد پینەدۆز، وێنە، شۆڕش هەرکی_ کوردستان24

لە بازاڕی تەیراوەی هەولێر، خوارووی دوکانەکانی کوتاڵفرۆشان، دوو دوکانی پینەدۆزی هەن، کەوتووەنەتە سەر دووسایدی ناوەڕاستی تەیراوە و لە تەنیشت یەکترن.

دوکانەکان بچووکن و مێژووی دروستکردنیان بۆ ساڵی حەفتاکان دەگەڕێتەوە،بۆ دانیشتووانی تەیراوە و سەردانیکەرانی ئەو بازاڕە ناسراون.

یەکێک لەو پینەدۆزانە، نزیکەی سێ دەیە دەست و پەنجەکانی لەگەڵ و دەزووداوو بزمارو بنەپێڵاودا نەرم کردووە هەرخۆشی داوای کرد، بە پاشگری پیشەکەی ناوی بهێنم.

 

فواد پینەدۆز، ئەمڕۆ هەینی، 19ـی ئەیلوولی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لە سەرەتای ساڵی نەوەدەکانەوە ئەم کارە دەکەم، سەرەتا وەک شاگر کارم دەکرد، بەڵام هەر زوو شارەزای کارەکە بووم و دوکانێکی تایبەت بەخۆم دانا، بەڵام زۆر شوێنگۆڕکێم کردن، ئەویش بەهۆی ئەوەی کرێچیبووم.

ئەو پینەدۆزە گوتی: نزیکەی 25 ساڵە لەو شوێنەم، کەس نییە لێرە نەمناسێت، پیشەکەم خۆشدەوێت، چونکە بووەتە هۆی ئەوەی بژێوی ژیانم دابینبکات، سەرەڕای ئەوەی پێداویستییەکانی ژیان ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبوونە، بەڵام خۆم بە کارەکەمەوە گرتووە.

 

لە پرسیاری ئەوەی پیشەکەت بەشی دابینکردنی پێداویستییەکان دەکات، بە قەناعەتێکی زۆرەوە، ئاماژەی بەوە کرد، ئەو کارەم لە زۆر کاری دیکە بەنرخترە و لەلام تایبەتە، ڕەنگی پیشەکەم گرتووە.

باسی لەوەش کرد، ڕۆژانە بەردەوام پیاو، ئافرەت، گەنج، منداڵ، سەردانمان دەکەن بۆ پینەکردنی پێڵاو یان نەعلە یاخود جانتاکەی، چونکە بە پینەکردنی عەیبەکانی دەشارینەوە.

پینەدۆزی چییە؟

پینەچی یان پینەدۆز بە کەسێک دەوترێت، کە بن لە پێڵاو یان نەعلە دەدات، یاخود پینەی دەکات بۆ ئەوەی چاکی بکاتەوە و عەیبەکانی بشارێتەوە، هەرچەندە لە چەند ناوچەیەک پیشەکە بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، بەڵام پینەدۆزەکان پێیان وایە خواستی جارانی هەر ماوە 

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment