ناسح عەلی بە دوو وێنە بەشداری لە پێشانگایەکی فۆتۆگرافی لە تاران دەکات

ناسح عەلی خەیات، فۆتۆگرافەری کورد، بەشداری لە هەشتەمین پێشانگای هاوبەشی وێنەی فۆتۆگرافەرانی ئازاد، لەژێر ناونیشانی "سروشتی بێگیان"، لە تارانی پایتەختی ئێران دەکات. ئەو لەمبارەیەوە دەڵێت، "من بە دوو وێنەی هەناری هەڵەبجە و تەماتەی شارەزوور بەشداریی لە پێشانگاکەدا دەکەم و هیوادارم ئەمساڵیش خەڵاتێک بەدەستبهێنم."

چوارشەممە، 21ی تشرینی یەکەمی 2026، ناسح عەلی، فۆتۆگرافەری کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "من بۆ سێیەمین ساڵ لەسەر یەک بەشداری لە پێشانگا و پێشبڕکێیەکی گەورەی فۆتۆگرافی لە تاران دەکەم. ئەمساڵ پێشانگاکە تایبەتە بە هونەری وێنەگرتنی راستەوخۆ و میوە  ناوخۆییەکانی ناوچە جیاوازەکانی ئێران. من بە دوو وێنەی هەناری هەڵەبجە و تەماتەی شارەزوور بەشداریی لە پێشانگاکەدا دەکەم و هیوادارم ئەمساڵیش خەڵاتێک بەدەستبهێنم."

ناسح عەلی سەبارەت بە بەشداریکردنی بە دوو وێنە لەو پێشانگایەدا دەڵێت، "بۆیە دوو وێنەم بۆ پێشانگاکە ناردووە؛ یەکێکیان وێنەی هەناری هەڵەبجەیە و ئەوی تریان وێنەی تەماتەی شارەزوورە. هەوڵم داوە لە رێگەی هونەری فۆتۆگرافییەوە جوانی و تایبەتمەندیی ئەم دوو بەرهەمە بخەمەڕوو و کوردستانیش لە رێگەی ئەم وێنانەوە بەشدار بێت لە چالاکییەکی هونەری لە ئاستی ئێراندا. هەروەها وێنەی فۆتۆگرافەران لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی ئێرانەوە بۆ ئەم پێشانگا و پێشبڕکێیە نێردراون و ژمارەیەکی زۆر لە فۆتۆگرافەران بەشدارییان تێدا کردووە."

ئەو فۆتۆگرافەرە ئاماژەی بەوەش دا، "ئەوە بۆ سێیەمین ساڵە  بەشداری لەم پێشانگا و پێشبڕکێیەدا دەکەم. لە یەکەمین ساڵی بەشدارییەکەمدا خەڵاتی جوانترین پۆرترێتم پێبەخشرا و لە ساڵی دووەمیشدا خەڵاتی باشترین وێنەی تەلارسازییم پێبەخشرا. ئەوە بۆ من هاندەرێکی گەورە بووە بۆ ئەوەی بەردەوام بم لە بەشداری لەم چالاکییە هونەرییەدا و هیوادارم ئەمساڵیش بتوانم خەڵاتێک بەدەستبهێنم و بە وێنەکانم شانازی بە هونەر و بەرهەمەکانی کوردستانەوە بکەم."

ناسح عەلی خەیات، فۆتۆگرافەرێکی ناسراوی کوردە و لە ساڵی 2000ەوە دەستی بەکاری وێنەگرتن کردووە. ئەو بەشداریی چەندین پێشانگا و فێستیڤاڵی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کردووە، و لەم دواییانەشدا خەڵاتی باشترین فۆتۆستۆری لە دووەمین فێستیڤاڵی وێنەگرتن لە قامشلۆ بەدەستهێناوە.

وێنەکانی ناسح عەلی