وەزارەتی کارەبا: بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ ماوەیەکی کاتی کەم دەبێتەوە

وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هاووڵاتییان ڕادەگەیەنێت: بەهۆی چاکسازییەکانی کۆمپانیای دانا گاز، 1600 مێگاوات کارەبا کەم دەبێتەوە.
شەممە 20ـی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، کۆمپانیای دانا گاز لە ڕۆژانی (20-21-22)ـی ئەم مانگە، دەست بە چاکسازیی ساڵانەی خۆی لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی گاز دەکات و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ، بڕی 300 ملیۆن پێ سێجا بەرهەمهێنانی گاز کەم دەبێتەوە، بەهۆیەوە توانای بەرهەمهێنانی وێستگەکانی کارەبا زیاتر لە 1600 مێگاوات کەم دەبێتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکە ئاماژە بەوە کراوە، وەزارەتی کارەبا و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەسەر هێڵ دەبن بۆ کۆنترۆڵکردن و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی لەسەر بەشداربوونی کارەبا.