پێشهاتی نوێ؛ ڤینیسیوس لەبەر ئاڵۆنسۆ لە ریال مەدرید دەڕوات

هێرشبەرە بەڕازیلییەکە ئامادە نییە گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە

چابی ئاڵۆنسۆ و ڤینیسیوس جونیۆر
چابی ئاڵۆنسۆ و ڤینیسیوس جونیۆر

ڤینیسیوس تێبینی لەسەر رۆڵی خۆی لە دەستپێکی ئەم وەرزە هەیە، لەوانەیە بەهۆی بڕیارەکانی چابی ئاڵۆنسۆ سەرەتای ساڵی نوێ لە ریال مەدرید بڕوات.

رۆژنامەی ASـی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، ڤینیسیوس جونیۆر هێرشبەری بەڕازیلی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی تێبینی لەسەر رۆڵی خۆی لە سەردەمی چابی ئاڵۆنسۆ راهێنەری یانەکەی هەیە، بۆیە لە دوایین کۆبوونەوەیان لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، رەتیکردووەتەوە گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە ئەگەر رۆڵی لە پێکهاتەی یانەکەی بەم شێوەیەی ئێستا بێت.

رۆژنامە مەدریدییەکە راشیگەیاندووە، ڤینی بڕیاریداوە ئەگەر دۆخەکە لەوەی ئێستا هەیە خراپتر بێت، لە گواستنەوەی زستانەی یاریزانان بڕیاری رۆیشتن بدات، هێرشبەرە بەڕازیلییەکە لەدوای مۆندیالی یانەکان گفتوگۆیەکانی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی راگرتووە، لەکاتێکدا هاوینی 2027 گرێبەستی ڤینی لەگەڵ ریال مەدرید کۆتایی دێت و بەرپرسانی یانە مەدریدییەکە ترسیان هەیە بەخۆڕایی هێرشبەرە بەڕازیلییەکەیان لەدەست بچێت.

سیستەمی بەنۆرەکردن دەبێتە هۆی ئەوەی ڤینیسیوس لە ریال مەدرید بڕوات؟

رۆژنامەی ASـی ئیسپانی لە راپۆرتێکیدا ئاشکرایکردووە، لە دەستپێکی ئەم وەرزە چابی ئاڵۆنسۆ سیستەمی بەنۆرەکردن لە نێوان ڤینیسیوس جونیۆر و رۆدریگۆ پەیڕەو دەکات، ریال مەدرید لەو سێ یارییەی لە سەرەتاوە ڤینی تیایاندا سەرەکی بووە، هەر سێ یارییەکەی بردووەتەوە، بەڵام لەم وەرزە ئاڵۆنسۆ بڕیاریداوە لە باڵی چەپ بەنۆرە یاریی بە ڤینی و رۆدریگۆ بکات، ئەمەش جونیۆری نیگەران کردووە.ڤینیسیوس لە سەردەمی کارلۆ ئانچیلۆتی ئەستێرەی یەکەمی ریال مەدرید بوو، وەرزی رابردوو لەگەڵ ئانچیلۆتی 22 گۆڵ و 19 ئەسیستی کرد و وەرزی پێشووتریش 24 گۆڵ و 9 ئەسیستی کرد، بەڵام لەم وەرزە دۆخەکە جیاوازە و ڤینی لە لالیگا و چامپیۆنزلیگ لە 5 یاری تەنیا 272 خولەک یاریی کردووە، دوو گۆڵ و ئەسیستێکی کردووە.ڤینیسیوس لە بۆرسەی یاریزانان ئێستا بەهایەکەی 170 ملیۆن یۆرۆیە، بەڵام ئەو هێرشبەرە بەڕازیلییە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی خۆی لە پێکهاتە و پلانی ئاڵۆنسۆ دەکات، ئەگەر دۆخەکە لەوە خراپتر بێت لەوانەیە سەرەتای ساڵی نوێ لە ریال مەدرید بڕوات.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment