بارسێلۆنا شاندێکی گەورە بۆ رێوڕەسمی باڵۆن دۆر دەنێرێت
رۆناڵدینیۆ خەڵاتەکە بە یاریزانی براوە دەدات

لامین یامال و رافینیا و 19 کەسی دیکە لە یانەی بارسێلۆنا دەچنە پاریس و رۆژی دووشەممە لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی باڵۆن دۆر ئاامدە دەبن.
رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی کاتالوونی ئاشکرایکردووە، خوان لاپۆرتا سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا و شاندێکی گەورە لە یانە کاتالوونییەکە گەشتی پاریس دەکەن و رۆژی دووشەممە لە رێوڕەسمی باڵۆن دۆر ئامادە دەبن، هەریەکە لە رافینیا و لامین یامال بەشێکن لە شاندەکەی بارسا، بەڵام رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی و پێدری ناچنە پاریس و لە رێوڕەسمی باڵۆن دۆر ئامادە نابن.
رادیۆی کادێنا کۆپێی ئیسپانی راشیگەیاندووە، رۆناڵدینیۆ ئەستێرەی پێشووی بارسێلۆنا و پاریس سانجێرمان و ئەیسی میلان لە رێوڕەسمی باڵۆن دۆری ئەمجارە خەڵاتەکە بە باشترین یاریزانی جیهان دەبەخشێت و بە دەستی خۆی خەڵاتی باڵۆن دۆر بە یاریزانی براوە دەدات، کە وابڕیارە ئێوارەی دووشەممە لە پاریس رێوڕەسمی باڵۆن دۆر رێکبخرێت، بەڵام ریال مەدرید ساڵی رابردوو بایکۆتی رێوڕەسمەکەی کرد و ئەمساڵیش فلۆرێنتینۆ پێرێز بڕیاریداوە بایکۆتی بکات و هیچ کەسێک لە یانە مەدریدییەکە ناچێتە پاریس.
لامین یامال ئەستێرەی بارسێلۆنا و عوسمان دێمبێڵی ئەستێرەی پاریس سانجێرمان بەربژێری سەرەکین بۆ ئەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆری ئەمساڵ بەدەست بهێنن.
