بە فەرمی وادەی بەڕێوەچوونی یارییەكانی چامپیۆنزلیگی كەنداو دیاریكرا
زاخۆ یەكەمین یاریی لەنێو یاریگەی خۆی بەرامبەر قادسیەی كوێتی دەكات

بە فەرمی وادەی بەڕێوەچوونی یارییەكانی خولی یانە پاڵەوانەكانی كەنداو دیاریكرا، یانەی زاخۆ لە یەكەمین یاریی خولەكە لەنێو یاریگە و بەردەم هاندەرانی میوانداریی قادسیەی كوێتی دەكات.
ئەمڕۆ شەممە، 20 ئەیلوولی 2025، كاتی بەڕێوەچوونی یارییەكانی قۆناغی كۆمەڵەكانی چامپیۆنزلیگی كەنداو راگەیاندرا، زاخۆ یەكەمین یاریی خۆی لە خولەكە لە رۆژی 30ـی ئەم مانگە میوانداریی قادسیەی كوێتی دەكات، دواتر لە رۆژی 22ـی مانگی داهاتوو گەشتی بەحرێن دەكات و رووبەڕووی یانەی سترەی ئەو وڵاتە دەبێتەوە.
لە گەڕی سێیەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی چامپیۆنزلیگی كەنداو، زاخۆ لە 4/11/2025 میوانداریی یانەی عەینی ئیماراتی دەكات، پاشان لە 23/12/2025 لە یاریی گەڕانەوە لە ئیمارات دەبێتە میوانی عەین، دواتر لە رۆژی 10ـی شوباتی 2026 لە یاریی چوون دەبێتە میوانی قادسیەی كوێتی.
زاخۆ دوایین یاریی لە قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی یانە پاڵەوانەكانی كەنداو لە رۆژی 18ـی شوباتی 2026 لەنێو یاریگەی خۆی بەرامبەر سترەی بەحرێنی دەكات.
خولی یانە پاڵەوانەكانی كەنداو بە بەشداریی نوێنەری هەشت وڵاتی كەنداوی عەرەبی دەكرێت، زاخۆ وەكو نوێنەری عێراق لە كۆمەڵەی یەكەم و شانبەشانی یانەكانی عەینی ئیماراتی، قادسیەی كوێتی و سترەی بەحرێنی یاریی دەكات.
كۆمەڵەی دووەم لە یانەكانی رەیانی قەتەری، شەبابی سعوودی، نەهزەی عومانی و حەزرەمووتی یەمەنی پێك دێت. دهۆك ساڵی رابردوو بۆ یەكەمجار لە مێژووی عێراق توانی نازناوی خولی یانە پاڵەوانەكانی كەنداو بباتەوە.


