سەرۆکی حکوومەت لە دهۆک چی کرد؟

ئەمرۆ شەممە 20ـی ئەیلوولی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای دهۆک ژمارەیەک پرۆژەی کردەوە، کە پێکهاتبوون لە کردنەوەی جووتسایدی شێخان-لالش، کردنەوەی کۆگا و سەنتەری پشکنینی پێشوەختەی کۆمپانیای تۆیۆتا و کردنەوەی پارکی سەرهڵدان.
پرۆژەی جووتسایدی شێخان - لالش
پرۆژەی جووتسایدی شێخان - لالش لە پارێزگای دهۆک، بە درێژاییی 9 کیلۆمەتر و پانیی 25 مەتر بە شێوازێکی ستاندارد تەواو کراوە. گوژمەی پرۆژەکە زیاتر لە 26 ملیار دینار بووە و هەموو بنەما پێشکەوتووەکانی ڕێگەوبانێکی باشی تێدا ڕەچاو کراوە. ڕێگاکە بە شێوازێکی سەردەمییانە و بە دەستی کاری ناوخۆیی دروست کراوە و هێڵکاریی تەواوی بۆ ئەنجام دراوە.
لەمیانی کردنەوەی پرۆژەی جووتسایدەکە، سەرۆکی حکوومەت گوتارێکی پێشکەش کرد، ئەمەش دەقی دەقی گوتارەکەیە
بە ناوی خودای گەورە و دلۆڤان
خوشک و برایانی هێژا
ئامادەبووانی قەدرگران
بەخێرهاتنێکی گەرمی هەمووتان دەکەم
بە تایبەت سوپاسی ئامادەبوونی بەڕێزان میر حازم و بابە شێخ و جڤاتی ڕۆحانی و کەسایەتییەکانی ئۆلی ئەم دەڤەرە دەکەم کە لەم بۆنەیەدا بەشدارن.
پێش ساڵێک ئێمە لێرە بووین و بەڵێنمان دا کە جادەی شێخان بۆ لالشی پیرۆز دەکەینە جووتساید، سوپاس بۆ خودا پاش ساڵێک گەڕاینەوە و ئەمڕۆ ئێمە لێرەین بۆ کردنەوەی ئەم جادەیە.
بێگومان هەر کارێک ئێمە بکەین، بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییانی خۆمان، ئەرکی ئێمەیە، بە تایبەت ئەم دەڤەرە کە دەڤەرێکی زۆر گرنگە لەلایەنی مێژوویی و ئایینی و پێکەوەژیان و شۆڕشگێڕیی مێژووی گەلی ئێمەدا و خەڵکێکی زۆر شۆڕشگێڕ لەم دەڤەرە هەن، ئەرکی ئێمەیە خزمەتی ئەم دەڤەرە بکەین، بۆیە هەر کارێک بکەین ئێمە بە ئەرکی دەزانین و خۆشحاڵین کە ئەمە یەکێکە لەو پڕۆژانەی لەم دەڤەرە ئەنجام دراوە و بێگومان ئەم پڕۆژانەش بەردەوام دەبن لەسەر ئاستی پارێزگا و لە شوێنی دیکەش.
خوشک و برایانی ئێزدی بەشێکی ڕەسەنی کوردستانن و هەروەک جەنابی سەرۆک بارزانی فەرمووی، کوردی ڕەسەن ئێزدینە. لەبەر ئەوە بە هیچ جۆرێک ئێمە لێک جیا ناکرێینەوە
خوشک و برایانی ئێزدی بەشێکی ڕەسەنی کوردستانن و هەروەک جەنابی سەرۆک بارزانی فەرمووی، کوردی ڕەسەن ئێزدینە. لەبەر ئەوە بە هیچ جۆرێک ئێمە لێک جیا ناکرێینەوە. من دەزانم ئەم دەڤەرە، چەندە گرنگە بۆ خوشک و برایانی ئێزدی و زۆر خەڵک لە سەرانسەری جیهان دێنە ئێرە و سەردانی لالشی پیرۆز دەکەن، پاش چەند ڕۆژێکی دیکەش وەک ئێمە بیستمان دیسان زیارەتکار دێنە ئێرە. هیوادارم ئەم خزمەتگوزارییە، ئاسانکاری بکات بۆ هاتووچۆی خوشک و برایانمان و هەروەها ئەم شەقامە خزمەتی خەڵکی دیکەش بکات کە ئەم دەڤەرە پێکەوە گرێ دەدات.
پڕۆژەی دیکەش هەن کە ئەوانیش ئەنجام دەدرێن، ئەمانەش هەموویان پێکەوە گرێ دەدرێن و بەهۆیانەوە بابەتی هاتووچۆ بۆ هاووڵاتییان ئاسانتر دەکات و ڕووداوی نەخوازراوی هاتوچۆ کەمتر دەکەنەوە و بۆ سەلامەتیی هاووڵاتییان زۆر باشتر دەبێت. هیوای من ئەوەیە کە هاووڵاتیش کارێکی وا بکەن ڕەچاوی ڕێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ و پۆلیسی هاتوچۆ بکەن بۆ سەلامەتیی خۆیان و کەسوکار و هاووڵاتییانی دیکەش.
سەرەڕای هەموو ئەو قەیرانانەی کە ئێمە بینیمان، دیسان پڕۆژەکانی ئاوەدانی لێرە ڕانەگیران
چەند ئێمە بتوانین خزمەتی میللەتی خۆمان بکەین، پێکەوە دەتوانین بەختەوەرتر ببین. ئێمە دەمانویست پشتیوانییەکی زیاتر لەسەر ئاستی حکوومەتی فیدرالی بۆ هەرێمی کوردستان بکرابایە، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو قەیرانانەی کە ئێمە بینیمان، دیسان پڕۆژەکانی ئاوەدانی لێرە ڕانەگیران، بەشێکی زۆری ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ باوەڕی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت کە باوەڕێکی زۆریان بە حکوومەتی هەرێم هەیە و ئەم پرۆژەیان جێبەجێ کرد، جێی دەستخۆشییە. لەبەر ئەوە من پێمخۆشە سوپاسێکی تایبەتی کۆمپانیای جێبەجێکار بکەم بۆ ئەنجامدانی ئەم پرۆژەیە کە بەڕاستی بە ماوەیەکی زۆر کەم و بە ستانداردێکی جیهانی و نێودەوڵەتی ئەم جادەیەیان جێبەجێ کرد. دەستخۆشییان لێ دەکەم و هیوادارم بەردەوام بن لە خزمەتکردن و جێبەجێکردنی پرۆژەی دیکەش لە هەر شوێنێک کە ئەم ئەرکەیان پێ بسپێردرێت.
سەرۆک بارزانی فەرمانی کرد یان شنگال ڕزگار دەکەین، یانیش دەبێ ئێمە هەموومان خۆمان لەسەری دابنێین
من پێم خۆشە لێرە باسی بابەتی خوشک و برایانی ئێزدی بکەم کە ساڵانێکە ڕووبەڕووی ناخۆشی و نەهامەتی بوون، بەڵام هەموو کاتێک بەهێزتر مانەوە و لەسەر پێی خۆیان وەستانەوە و ڕووبەڕووی پیلانی دوژمن و ناحەزان بوونەوە. من یەکێکم لەو کەسانەی کە وەک شاهێد کاتێک لە خزمەتی جەنابی سەرۆکدا بووین لەو کاتەی داعشی دڕندەی تیرۆریست هێرشی هێنایە سەر شنگال، جەنابی سەرۆک ئەوکات فەرمانی کرد یان شنگال ڕزگار دەکەین، یانیش دەبێ ئێمە هەموومان خۆمان لەسەری دابنێین. بە پشتیوانیی خودا، جەنابی سەرۆک، سەرکردایەتیی لەشکری کوردستانی کرد بۆ ئازادکردنی شنگال و پاش سەد ڕۆژ، بەڵێنی جەنابی سەرۆک بەجێ هێندرا. ڕاستە ئێمە سەدان شەهیدمان دا، بەڵام ئێمە نەمانهێشت ئیرادەمان بشکێندرێت، جەنابی سەرۆک سەربڵندیی خوشک و برایانی ئێزدیی لە هەموو شتێک بەلاوە گرنگتر بوو کە جارێک لەسەر چیای شنگال فەرمانی کرد و گوتی ئێستا ئێمە لێرەین و سەری دوژمنانی خوشک و برایانی ئێزدیی لەبن پێی ئێمەدایە.
هیچ پیلانێکی سیاسی ناتوانێت ئێمە لە ئاو و خاکمان جیا بکاتەوە
ئەم پێکەوەژیانەی کە لە کوردستاندا هەیە و ئەم پەیوەندییە ڕەسەنەی لەنێوان ئێزدی و ئێمەدایە، ئەمە بە هیچ شتێک لێک جیا ناکرێتەوە، هەرچەندە هەوڵی زۆر دەدرێن بۆ ئەوەی خوشک و برایانی ئێزدیی ئێمە لە شنگال دوور بخەنەوە. ئێمە هەوڵێکی جددیمان دا بۆ ئەوەی ڕێککەوتنی شنگال لەگەڵ حکومەتی فیدرال جێبەجێ بکرێت، بەڵام دیسان هەتا ئەم کاتەش ئەم ڕێککەوتنە جێبەجێ نەکراوە، بەهۆی هەندێک هێزی لەیاسادەرچوو لەوانەی خۆیان سەپاندووە. داخوازیی ئێمە لە حکومەتی فیدرالی ئەوەیە کە هەنگاوی جددی بنێن و ئاسانکاری بکرێت تاوەکوو خوشک و برایانی ئێزدی بە سەربڵندی بگەڕێنەوە شنگال، بەردەوامیش دەبین بۆ ئەوەی هەموو هاووڵاتیانی ئێمە، چ ئێزدی بن، موسوڵمان بن، عەرەب بن، تورکمان بن، کریستیان بن، بە سەربڵندی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لەو دەڤەرەی کە بەداخەوە لەبەر هێرشی دڕندانەی تیرۆریستان بەجێیان هێشت، پێویستە هەر بگەڕێنەوە و هیچ پیلانێکی سیاسی ناتوانێت ئێمە لە ئاو و خاکمان جیا بکاتەوە.
لەنێوان کۆمپانیاکانی بواری بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدرالی دیارە ڕێککەوتنێک هەیە
حەز دەکەم باسی ئەوە بکەم کە گفتوگۆی ئێمە لەگەڵ حکومەتی فیدرالیش لەسەر بابەتی دابینکردنی بودجە و مووچە بەردەوامن، زۆرجار ئێمە گوتوومانە کە هیچ ئاستەنگێک نەماوە، بەڕاستیش لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە هیچ جارێک هیچ ئاستەنگێک دروست نەکراون، هەموو جارێک هەر بیانوویەک هەبووبێت، ئێمە هەوڵمانداوە لایببەین بۆ ئەوەی بابەتی شایستەی دارایی خەڵکی کوردستان دابین بکرێت. لە دوایین گفتوگۆمان لەگەڵ بەغدا، ئێستا وەک ئەوەی من ئاگادار کراومەتەوە کە لەنێوان کۆمپانیاکانی بواری بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدرالی دیارە تێگەیشتن و ڕێککەوتنێک هەیە، ئەمە دەبێتە دەستپێکێکی زۆر باش بۆ نەهێشتنی ئەو ئاڵنگاری و ئاستەنگەی کە هەتا ئێستا ماوەتەوە. هیوای من ئەوەیە کە لە ڕۆژانی داهاتوو ئەم ڕێککەوتنە ببێتە واقیع و ببێتە جێی ڕەزامەندیی هەموو لایەک و حکومەتی عێراقیش پابەندییەکانی خۆی بەرانبەر بە ماف و هەقی خەڵکی کوردستان جێبەجێ بکات و چیدی بابەتی مووچە نەبێتە سەردێڕی هەواڵی ڕۆژانە. بۆیە هیوادارم لە ماوەیەکی نزیکدا، بگەینە ئەنجامێکی ئەرێنی.
کردنەوەی کۆگا و سەنتەری پشکنینی پێشوەختەی کۆمپانیای تۆیۆتا
دواتر لە کاتژمێر 15:00، مەسرور بارزان لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا، کۆگا و سەنتەری پشکنینی پێشوەختەی کۆمپانیای تۆیۆتای لە دهۆک کردەوە، سەرۆکی حکوومەت لە مەڕاسیمەکدا گوتارێکی پێشکەش کرد.
دەقی گوتاری سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی:
زۆر زۆر سپاس. بەناوی خوای گەورە و میهرەبان، بەڕێزان هەمووتان زۆر زۆر بەخێر بێن. بەخێرهاتنێکی تایبەتی باڵیۆزی یابان دەکەم بۆ کوردستان و لێرە بۆ شاری هەولێر. هەروەها سپاسی ئامادەبوونی بەڕێز کۆنسوڵ و نوێنەرانی کۆمپانیای تۆیۆتا دەکەم لە عێراق و دەستخۆشییەکی گەرم لە کاک سەردار دەکەم و سەردار گرووپ بۆ ئەم کارە پیرۆزەی کە کردوویانە.
هەر ئۆتۆمبێلێکی یابانی کە داخلی عێراق دەکرێت، لێرەوە بۆ شارەکانی دیکە هەناردە دەکرێن
بەڕاستی جێی دڵخۆشییە کە دەبینین وڵاتێکی وەکو یابان متمانەیەکی ئەوتۆی بە هەرێمی کوردستان هەیە کە شارێکی کوردستان دەستنیشان دەکات بۆ ئەوەی لێرەوە هەموو ئۆتۆمبێلەکانی یابانی کە داخلی عێراق دەکرێن، لێرەوە بۆ شارەکانی تر هەناردە بکرێن. حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە پاڵپشت بووە و بەردەوامیش دەبێت لە پاڵپشتی کردنی ئەم جۆرە پڕۆژە گەورانە، پڕۆژەی بازرگانی و وەبەرهێنان کە بێ گومان یارمەتیدەر دەبێ لە پێشخستنی ئابووری هەرێمی کوردستان و یارمەتیدانی خەڵکی هەرێمی کوردستان کە ئەوانیش بتوانن زیاتر فێری کارەکانی لەو جۆرە بن.
بەم جۆرە پرۆژانە خەڵک شارەزا و فێری کاری باشتری دەبن
دڵخۆش بووم کە بینیم بەشێک لە کارمەندەکان کە لێرە کار دەکەن خەڵکی ئێرەن و فێری کاری پیشەیی دەبن. نەک تەنیا ئۆتۆمبێلەکان لێرە داخل دەکرێن و هەناردە دەکرێن، بەڵکوو لێرە بە شێوەیەکی زۆر باش لە کۆنترۆڵی جۆری کە لێرە دەکرێ، لەلایەن بە ستانداردێکی یابانی، و بەشێک لە پارچەکانی ئەو ئۆتۆمبێلانەش لێرەوە دەبەسترێنەوە. ئەمە هەمووی دروستکردنی هەلی کارە، شارەزایی زیاتر دێنێتە نێو وڵات، خەڵکی ئێمە فێری کاری باشتری دەبن. و هیوادارم لەمەش زیاتر کاری پیشەیی دروست بکرێ، کاری لەم جۆرە، و ئەم کۆمپانیایەش بتوانێت کاری زۆر زۆر لەمە گەورەتریش ئینشائەڵڵا ئەنجام بدات. من جارێکی تر دەستخۆشیتان لێ دەکەم.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو مافێکی بازرگان، وەبەرهێنەر و هاووڵاتییان دەپارێزێت
دڵنیا بن لەوەی کە حکوومەتی هەرێم پشتیوانتان دەبێت بۆ پاراستنی هەموو مافێکی بازرگان و وەبەرهێنەر. و لە هەمان کاتدا حکوومەتی هەرێم وەکو هەمیشە پارێزەری مافی هاووڵاتیانیش دەبێت و ئەوەی ئەو پەیوەندییە تەندروستەی کە پێویستە لەنێوان بازرگان و هاووڵاتی دروست بکرێت، حکوومەت یارمەتیدەر و پشتیوان بێت و ئاسانکاری پێویستیشی بۆ بکات. جارێکی تر دەستخۆشیتان لێ دەکەم. هەر سەرکەوتوو بن.
کردنەوەی پارکی سەرهڵدان
هەروەها کاتژمێری 16:00، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پارکی سەرهڵدانی لە شاری دهۆک کردەوە. پارکی سەرهەڵدان، یەکێکە لە پرۆژە خزمەتگوزارییە گرنگەکانی شاری دهۆک، گوژمەی پرۆژەکە زیاتر لە چوار ملیار دینارە. لەسەر ڕووبەرێکی فراوان بە قەبارەی 122 هەزار مەتردووجا دروست کراوە، بەشێکی زۆری پارکەکە، واتە 75%ی، بۆ سەوزایی تەرخان کراوە، هەزاران گوڵ و نەمامی جۆراوجۆری لێ چێندراوە و سیمایەکی جوان و سەرنجڕاکێش بە شارەکە دەبەخشێت.
ئەم پارکە جگە لە سەوزایی، چەندین خزمەتگوزاری و شوێنی کاتبەسەربردنی لەخۆ گرتووە، لەوانە: خواردنگە و کافتریا، نافورەی سەرنجڕاکێش، مەیدانی ڕۆمانیی بۆنە و چالاکییەکان، شوێنی تایبەت بە وەرزش، یاریگای منداڵان و جێگای فراوان بۆ ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل.
دروستکردنی ئەم پارکە، جگە لە پێدانی سیمایەکی جوان بە شارەکە، بەشێکی گرنگ دەبێت لە باشترکردنی ژینگە و بووژانەوەی کەرتی گەشتیاری.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی پارکی سەرهڵدان لە شاری دهۆک، لە گوتارێکی پێشکەش کرد،
ئەمەش دەقی گوتارەکەیە:
بە ناوی خودای گەورە و دلۆڤان
هێزی ئێمە لە باوەڕیی ئێمەدایە بە خودای گەورە بۆ پشتیوانیکردنی پێشمەرگەی قارەمان و خەڵکی خۆڕاگری کوردستان
خەڵکی ئێرە بە بیروباوەڕ، نیشتمانپەروەریی و خزمەتیی خۆیانە دەوڵەمەند
من بەخێرهاتنێکی گەرمی هەموو ئامادەبووانی هێژا دەکەم و زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوە لێرە بەشدارم لە کردنەوەی پارکی (سەرهڵدان) کە پێش ساڵێک لێرە بەردی بناخەی داندراوە لە گەڕەکی بەرۆشکێ . پێش چەند ساڵێک هاتم و سەردانی ئێرەم کرد، بە حەقیقەت من هەستم بەوە کرد کە وەکوو پێویست کاری خزمەتگوزاری بۆ ئەم بەشەی شاری دهۆک نەکراوە، ڕەنگە خەڵکی ئەم گەڕەکە لە ڕووی توانای داراییەوە وەکوو پێویست دەوڵەمەند نەبن، بەڵام ئەوەی من بینیم و قسەم لەگەڵ کردوون، بە حەقیقەت بینیم کە خەڵکێکی زۆر دەوڵەمەند نیشتەجێی ئێرەن، دەوڵەمەند بە بیروباوەڕی خۆیان، دەوڵەمەند بە نیشتمانپەروەریی و خزمەتیی خۆیان. زۆر ماڵی شەهیدان و پێشمەرگەی قارەمان لێرەن کە شایانی ئەوەن هەموو خزمەتگوزارییەکیان بۆ ئەنجام بدرێت، بۆیە کاتێک داوای کردنەوەی ئەم پارکە کرا، ئێمە بە دڵ و گیان حەزمان کرد ئەم پارکەیان بۆ دروست بکرێت.
جێی دەستخۆشییە کە کۆمپانیای جێبەجێکار لە ماوەی ساڵێکدا ئەم پارکەی دروست کرد و بە شێوەیەکی زۆر جوان ئەمڕۆ ئامادەیە بۆ پێشوازیکردن لە خەڵکی دهۆک.
شوینێکی گونجاوتر بۆ پیشەوەران و پیشەسازیی ئۆتۆمبێل دروست کراوە
پێش ئێستا ئێرە شوێنی پیشەوەران و پیشەسازیی ئۆتۆمبێل بوو و گەلێک خەڵک لێرە کاریان دەکرد، بەڵام جێی کاری ئەوان گونجاو نەبوو بۆ ئەو کارەی تێیدا دەکەن، بۆیە بڕیار درا شوێنێکی دیکەی پیشەسازی ئامادە بکرێ و بە خۆشحاڵییەوە، ئێستا ئەو پیشەوەرانە لە شوێنی نوێی خۆیان لە کارەکانیان بەردەوامن و ئەم پارکەش لێرە ئامادەکراوە بۆ خەڵک، بە تایبەتیش بۆ ئەم بەشەی شاری دهۆک کە گەلێک خزمەتگوزاریی لەم پارکەدا ئامادە کراوە، لە ڕووی تەندروستییەوە باوەڕم وایە کە خەڵکێک سوودی لێ دەبینن، لە ڕووی وەرزشییەوە شوێن دەستنیشان کراوە کە تەنانەت بۆ منداڵان شوێن ئامادە کراوە و دەتوانن کاتی خۆیان لێی بەسەر ببەن.
پارکیکی دیکە لە ئالووکا کاری تێدا دەکرێت
هیچ منەتێکی تێدا نییە، ئەرکی ئێمەیە خزمەتی خەڵکی خۆمان بکەین
هیوای من ئەوەیە ئێوە کاتێکی خۆشتان لەم پارکە و شوێنی دیکە هەبێت، ئەمە یەکێکە لەو پرۆژانەی کە بەردەوامین لە ئەنجامدانیان، هەروەک پێشتریش من باسم کرد لە ئالووکا پارکێکی دیکەش کاری تێدا دەکرێت، دیسان ئەو پارکەش تەواو بکرێت و دەکەوێتە خزمەتی خەڵکی دهۆکی ڕەنگین. جێی دڵخۆشییە کە ئێمە دەبینین ئەنجامی پرۆژەکان دەردەکەوێت و خەڵک سوودی لێ دەبینن، هیچ منەتێکی تێدا نییە، ئەمە ئەرکی ئێمەیە و پێویستە ئێمە خزمەتی خەڵکی خۆمان بکەین.
خەڵکی ئێمە ڕووبەڕووی ئاڵنگاری و نەهامەتیی زۆر بووەتەوە، بەڵام ڕۆژی خۆشترمان لەپێشە
خەڵکی ئێمە و قارەمانانی ئەم میللەتە، خەڵکێکی خۆڕاگرن بەرامبەر ئەو هەموو ئاڵنگاری و ئەو هەموو نەهامەتییەی کە ڕووبەڕووی ئەم میللەتە بووەتەوە و بەردەوامبوون لە خۆڕاگری، بەڵام ڕۆژی خۆشترمان لەپێشە و ئینشائەڵا گەلێک پرۆژەی باشتریش ئەنجام دەدرێن لە شاری دهۆک و هەموو شارەکانی کوردستان و دەخرێنە خزمەتی هاووڵاتیان.
وڵاتی ئێمە ماڵی گەورەی ئێمەیە و پاراستنی ئەو وڵاتە ئەرکی ئێمە هەمووانە
پێویستە بەرپرسان ئەو کەسانە سزا بدەن کە ژینگەی کوردستان پیس دەکەن
بابەتێک هەیە دەمەوێ ئاماژەی پێ بدەم، لەم دوو ڕۆژەدا کە لێرەم، من چووم سەردانی هەندێک جێی دیکەشم کرد، چوومە لای سوارەتووکا و زاویتە و سەرسنگ و ئامێدی و شێخان و شاریا و بەنداوی دهۆکیش، وڵاتی ئێمە وڵاتێکی زۆر خۆشە، جێی گەشتیاریی خۆشی تێدایە، بەڵام خاڵێکی جێی پێویستییە لەسەری ڕاوەستین، ئەویش ژینگەپارێزییە. بەداخەوە من بینیم زۆر پاشماوە و زبڵ لەسەر ڕۆخی شەقامەکان فڕێ دراون کە ئەمە لەگەڵ کولتووری ئێمە ناگونجێت، داواکارم خەڵکی کوردستان، ژینگەی خۆیان بپارێزن، وڵاتی خۆتان بپارێزن، وڵاتی ئێمە ماڵی گەورەی ئێمەیە و پاراستنی ئەو وڵاتە ئەرکی ئێمە هەمووانە. داوای من ئەوەیە ئەو گەشتیارانەش کە سەردانی ئێرە دەکەن، دیسان ڕێنماییان بۆ دەربکرێت کە پێویستە کەشوهەوا و ژینگەی کوردستان بپارێزن.، پێویستە بەرپرسانی پەیوەندیدار ڕێوشوێن و ڕێنمایی پێویست بۆ هەر کەسێک دەربکەن ژینگەی کوردستان پیس دەکات، پێویستە سزای بۆ دیاری بکەن، چونکە بەڕاستی جێی قەبووڵکردن نییە ئەم وڵاتە پیرۆزە کە بست بە بستی ئەم خاکەی خوێنی شەهیدانمانی لێ ڕژاوە، پیس بکرێت. داوای من ئەوەیە لە خوشک و برایانی خۆشەویست لە شاری دهۆک و لە هەموو کوردستان، ژینگەی خۆتان بپارێزن، تاوەکوو ئێمەش زیاتر بتوانین خزمەتی ئێوە بکەین، نەک هەر ئەم پارکە، بەڵکوو چەندین پارک و شوێنی دیکەی گەشتیاری ئاوا بکەین و ئەم پرۆژانە جێبەجێ بکەین.
جارێکی دیکە هیوای سەرکەوتن بۆ ئێوە دەخوازم، هیوادارم کاتێکی خۆشتان هەبێت، پیرۆز بێت پارکی سەرهڵدان لە تاخی بەرۆشکێ و لە هەموو خەڵکی دهۆک و هەموو خەڵکی کوردستان پیرۆز بێت، ئێوە شایانی زۆر زیاترن و ئەگەر خوا پشتیوان بێت،هەرچی پێمان بکرێت لە خزمەتکردنی ئێوەدا بەردەوام دەبین.
هەر ساخ و سەلامەت بن، کوردستانمان هەر ئاوەدان بێت.









