وەزیری پەروەردە: زاخۆ لە چوار ساڵدا گۆڕانکاری گەورەی بەخۆوە بینیوە و بووەتە ناوەندێکی گرنگ

ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2025، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونی مامۆستایانی کرد و هیوای خواست ئەمساڵ دەستپێکێکی باش بێت و سوودی بۆ نەوەکان و کوردستان هەبێت.
وەزیری پەروەردە ئاماژەی بە چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دا، کە بەڵێنی سەرۆک بارزانی بوو و لەسەر دەستی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران و کابینەی نۆیەمی حکوومەت، دامەزرا. گوتی: "ئەوانەی پێش چوار ساڵ سەردانی زاخۆیان کردبێت، دەبینن کە زاخۆ لە هەموو بوارێکدا کار و پڕۆژەی تێدا ئەنجامدراوە و ئێستا ناوەندێکی گرنگە، هەموو چاوەکان لەسەریەتی، نەک تەنیا لە کوردستان، بەڵکو لەسەر ئاستی عێراقیش. ئەمەش شایانی ئەو خەبات و قوربانیدانەیە کە خەڵکی ئەم دەڤەرە داویەتی."
لە کەرتی پەروەردەدا، لە ماوەی چوار ساڵی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆدا، 13 قوتابخانەی نوێ دروست کراون و 78 قوتابخانەش نۆژەنکراونەتەوە. وەزیر ئاماژەی بەوەشدا، دوو ساڵ بەر لە ئێستا، لەگەڵ گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، هەماهەنگییان لەگەڵ زانکۆی زاخۆ و پسپۆڕان و ئەکادیمیستەکاندا کردووە بۆ پەرەپێدانی کەرتی پەروەردە لە زاخۆ. دەرئەنجامەکانی ئەم هەماهەنگییە کاریگەرییەکی گرنگی هەبووە، چونکە پلانەکەی دانرا بۆ گەشەپێدانی کەرتی پەروەردە، ساڵ لە دوای ساڵ ئەنجامەکانی باشتر کردووە و ڕاهێنان بە هەموو مامۆستایان کراوە لەلایەن ستافی زانکۆ و پسپۆڕانەوە.
ئالان حەمە سەعید ڕایگەیاند: "دەرئەنجامەکانی ئەمساڵ، بەرزترین نمرەی وێژەی لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بووە و ئەنجامی زۆر باشیش لە بەشەکانی دیکە بەدەست هات." جەختی لەسەر بەردەوامبوونی پڕۆژە و گەشەپێدانەکان کردەوە.
وەزیری پەروەردە ئاماژەی بە پڕۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەت دا کە کاریگەری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان لەسەر کەرتی پەروەردە لە کوردستاندا هەبووە، سەرەڕای بوونی کێشەی بودجە لە هەندێک کاتدا.