هەڵبژاردەی میسر بووە پاڵەوانی مۆندیالی خانمان

هەڵبژاردەی كوردستان پلەی چوارەمی بەدەستهێنا

سەرۆك وەزیران مەسرور بارزان لەگەڵ هەڵبژاردەی خانمانی میسر ـ 22 ئەیلوولی 2025 ـ هەولێر ـ فۆتۆ: ئیسلام هیرۆ
سەرۆك وەزیران مەسرور بارزان لەگەڵ هەڵبژاردەی خانمانی میسر ـ 22 ئەیلوولی 2025 ـ هەولێر ـ فۆتۆ: ئیسلام هیرۆ

بە ئامادەبوونی سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی یاریی كۆتایی مۆندیالی تۆپی پێی بچووكراوەی خانمان لە هەولێری پایتەخت بەڕێوەچوو، میسر لە یاریی كۆتایی لە بەرازیلی بردەوە و بووە پاڵەوان، هەڵبژاردەی كوردستانیش پلەی چوارەمی بەدەستهێنا.
ئەمڕۆ دووشەممە، 22 ئەیلوولی 2025، بە ئامادەبوونی سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی یاریی كۆتایی مۆندیالی خانمان لە هەولێری پایتەخت لە نێوان هەڵبژاردەی خانمانی بەرازیل و میسر بەڕێوە چوو كە تێیدا میسر بە لێدانە یەكلاكەرەوەكان لە كچانی سامبای بەرازیلیان بردەوە بوونە پاڵەوان.
محەمەد دۆسەری سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بچووكراوەی جیهان سەرسامی خۆی دەربڕی بەو پێشوازییە گەرمەی هەرێمی کوردستان لە پاڵەوانێتییەكە، دەشڵێت: دڵنیام جامی جیهانی تۆپی پێی ئافرەتان لە هەولێر زۆر بە سەرکەوتوانە بەڕێوە چوو، ئارامی و سەقامگیری ئەو ناوچەیە هۆكار بوو بۆ ئەوەی ئەو پاڵەوانێتییە بێنینە هەرێمی كوردستان.
مۆندیالی تۆپی پێی بچوككراوەی خانمان بۆ یەكەمجار لە هەولێری پایتەخت بە بەشداریی شەش هەڵبژاردەی كیشوەرە جیاوازەكانی جیهان بەڕێوە چوو كە تێیدا هەڵبژاردەی خانمانی كوردستان هاوشانی هەڵبژاردەی وڵاتانی (بەرازیل، میسر، ئوردن، پاكیستان و لوبنان) بەشداریی كرد.
لە قۆناغی پێشكۆتایی میسر لە هەڵبژاردەی كوردستانی بردەوە و گەیشتە یاریی كۆتایی مۆندیالی خانمان، لە یارییەكی دیكەیشدا بەرازیل شكستی بە لوبنان هێنا و بلیتی یاریی كۆتایی بڕی، هەڵبژاردەی كوردستان پلەی چوارەمی پاڵەوانێتییەكەی بەدەستهێنا.

 

 

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment