موفتی گشتیی سعوودیە کۆچی دوایی کرد

ئەمرۆ سێشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2025، دیوانی شاهانەی سعوودیە بڵاویکردەوە، موفتی گشتی سعوودیە و سەرۆکی دەستەی گەورە زانایان، شێخ عەبدولعەزیز بن عەبدوڵڵا بن محەممەد ئال شێخ کۆچی دوایی کرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ دوای نوێژی عەسر لە مزگەوتی ئیمام تورکی بن عەبدوڵڵا لە شاری ڕیاز نوێژی مردووی لەسەر دەکرێت.
دیوانی شاهانە ڕاشیگەیاند، شا سەلمان بن عەبدولعەزیز نوێژی مردووی بە 'غایب' لەسەر دەکات هەورەها لە مزگەوتەکانی حەرام و مەدینەش نوێژی مردووی بە 'غایب' لەسەر دەکرێت.
شێخ عەبدولعەزیز بن عەبدوڵڵا ئال شێخ، نەوەی شێخ محمدی کوڕی عەبدولوەهابە و ئەمڕۆ لەتەمەنی 82 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
ژیان و خوێندنی زانستیی
لە ساڵی 1943ـی زایینی لە شاری مەککە لەدایکبووە، باوکی لە تەمەنی گەنجیدا کۆچی دوایی کردووە، بۆیە ژمارەیەک زانای ناوداری ئەو سەردەمە پەروەردەی دەکەن.
شێخ عەبدولعەزیز لە پەیمانگای زانستی ڕیاز و پاشان کۆلێژی شەریعە خوێندوویەتی، دواتر لە پەیمانگای زانستی ئیمامی دەعووەی زانستی وەک مامۆستا دەست بەکاربووە، پاشان لە کۆلێژی شەریعە، چەندین پۆستی ئەکادیمی وەرگرتووە، وەکو مامۆستای یاریدەدەر و هەروەها سەرپەرشتی چەندین تێزی ماستەر و دکتۆرای کردووە.
لە ساڵی 1407ـی کۆچی کرا بە ئەندامی دەستەی گەورە زانایان دەستنیشان کرا، پاشان پۆستی موفتی گشتیی سعوودیە و سەرۆکی دەستەی گەورە زانایانی وەرگرت. بە میانڕەو ناسرابوو.