شاخەوان عەبدوڵڵا: پێویستە دەزگا ئەمنییەکان بە زووترین کات بکوژی ئەکبەر حاجی ڕۆستەم ئاشکرا بکەن

ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: ئەگەر کوشتنی ئەکبەر حاجی ڕۆستەم دەستی سیاسی لە پشت بێت، توندترین لێکۆڵینەوە دەکەن و دەستی پارتی لەو بابەتە درێژە.
ئەمڕۆ سێشەممە 23ـی ئەیلوولی 2025، شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە بارەی کوژرانی ئەکبەر حاجی ڕۆستەم، وەڵامی ڕۆژنامەنووسانی دایەوە و گوتی: چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەکەین بۆ ئەوەی بکوژ بە زووترین کات ئاشکرا بکرێت.
ئەو ئەندامەی کۆمیەتی ناوەندیی پارتی، داواکارە لە دەزگا ئەمنییەکان، بکوژی ئەکبەر حاجی ڕۆستەم ئاشکرا بکەن و خوێنی ناوبراو بە فیڕۆ نەچێت.
جەختی لەوە کردەوە، وەک پارتی دیموکراتی کوردستان چاوەڕوانی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانن. هاوکات دووپاتی کردەوە، ئەگەر کوشتنی ئەکبەر حاجی ڕۆستەم دەستی سیاسی لە پشت بێت، توندترین لێکۆڵینەوە دەکەن و دەستی پارتی لەو بابەتە درێژە.
درەنگانی شەوی دووشەممە 22ـی ئەیلوولی 2025. ئەکبەر حاجی ڕۆستەم، کەسایەتی دیاریی ناوچەی گەرمیان و کادیری پارتی دیموکراتی کوردستان، لە نێو باخەکەیدا لە نێوان گوندی ئۆمەربل و گوندی فەتاح ئومەر، کوژرا.
لە بارەی ڕووداوەکەش، علی جەمال قدووری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، ئەکبەر حاجی ڕۆستەم، لەدایکبووی ساڵی 1955ـە، لەنێو زەویە کشتووکاڵیەکەی خۆی کوژراوە و ئاسەواری فیشەک بەسەر جەستەیەوە بووە.
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ڕاشیگەیاند، بە پێی لێکۆڵێنەوە سەرەتاییەکان، ئۆتۆمبیل و مۆبایلی کوژراوەکە بردراوە.