پۆلیسی گەرمیان دەستی بە لێکۆڵینەوە لە کوشتنی ئەکبەر حاجی ڕۆستەم کرد

پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، لێکۆڵینەوەمان لە کوشتنی ئەگبەر حاجی ڕۆستەم دەستپێکردووە و لە هەر زانیارییەک سەبارەت بەڕووداوەکە ڕای گشتی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن لێ ئاگادار دەکەینەوە.
علی جەمال قدووری گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو ئاگادارکراینەوە لە حاڵەتێکی کوشتن لە گوندی ئۆمەربل سەربەناحییەی سەرقەڵا، دەست بەجێ مەفرەزەمان چونە شوێنی ڕوداوەکە و دەرکەوت هاووڵاتی ( ئەکبەر ڕۆستەم محەممەد ) ناسراو بە ئەگبەر حاجی ڕۆستەم لەدایکبووی 1955، لەنێو زەویە کشتووکاڵیەکەی خۆی کوژراوە و ئاسەواری فیشەک بەسەر جەستەیەوە بوو.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەست بەجێ پۆلیس دەستیان بەهێڵکاری شوێنی ڕووداوەکە کرد و دەستکرا بەکۆکردنەوەی زانیاریەکان لەسەر چۆنێتی ڕووداوەکە و لەئێستادا پۆلیس پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕووداوەکە کردۆتەوە دەستی بەلێکۆڵینەوەی ورد کردووە لەسەر چۆنێتی ڕووداوەکە و ئاشکرا کردنی ناسنامەی تۆمەتبار .
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ڕاشیگیاند، بەپێی لێکۆڵێنەوە سەرەتاییەکان، ئۆتۆمبیل و مۆبایلەکەی کوژراوەکە براوە.
باسی لەوەش کرد، لەداهاتوودا هەر زانیارییەک سەبارەت بەڕووداوەکە ڕای گشتی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەپێی یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکەینەوە.
شەوی ڕابردوو 22ـی ئەیلوولی 2025. ئەکبەر حاجی ڕۆستەم، کەسایەتی دیاری ناوچەی گەرمیان و کادیری دیاری پارتی دیموکراتی کوردستان، لە نێو باخی خۆیدا لە نێوان گوندی ئۆمەربل و گوندی فەتاح ئومەر، کوژراوە