پۆستەكانی دەستەی كارگێری یانەی دهۆك دابەشكران
عەبدوڵڵا جەلال بۆ چوار ساڵی دیكە وەكو سەرۆكی یانەی دهۆك دەستنیشان كرایەوە

عەبدوڵڵا جەلال سەرلەنوێ بە كۆی دەنگی ئەندامە دەرچووەكانی دەستەی كارگێری بۆ چوار ساڵی دیكە وەكو سەرۆكی یانەی دهۆك هەڵبژێردرایەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 24 ئەیلوولی 2025، لە هۆڵی رۆشنبیری سێمێل، هەڵبژاردن بۆ دەستەی كارگێری یانەی دهۆك كرا، 10 كەس خۆیان بۆ دەستەی كارگێری بەربژێر كرد بوو، تەواوی بەربژێرەكان لە هەڵبژاردنەكە دەرچوون، لە نێویاندا هەشت كەسیان ئەندامانی دەستەی كارگێری پێشوو بوون سەرلەنوێ لە هەڵبژاردنەكە دەرچوونەوە، لە لایەكی دیكەیشەوە دوو ئەندامی دیكەی نوێ (دلین كەمال و عەلی مستەفا) بۆ یەكەمجار وەكو ئەندامی دەستەی كارگێری هەڵبژێردران.
بەگوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24، عەبدوڵڵا جەلال بۆ چوار ساڵی دیكە وەكو سەرۆكی یانەی دهۆك دەستنیشان دەكرێتەوە، یوسف رەشید دیسان دەبێتەوە جێگری سەرۆك، جاسم محەمەد حاجی لە پۆستی سكرتێری یانەی دهۆك دەمێنێتەوە، بەڵام خالید موشیر وەكو جێگری سەرۆكی یانە كشایەوە.
لە هەڵبژاردنی دەستەی كارگێری یانەی دهۆك لە كۆی 241 كەسی دەستەی گشتی یانەی دهۆك، 218 كەس لەناو هۆڵی دەنگدان ئامادەبوون، عەبدوڵڵا جەلال دەنگی تەواو دەنگدەرەكانی بەدەستهێنا.
ئەنجامی هەڵبژاردنی دەستەی كارگێری یانەی دهۆك بەمشێوەیەی خوارەوە بوو:
عەبدوڵڵا جەلال 218 دەنگ، یوسف رەشید 215 دەنگ، جاسم محەمەد 209 دەنگ، رێگر ئەحمەد 208 دەنگ، خالید موشیر 205 دەنگ، دلین كەمال 205 دەنگ، عەلی مستەفا 204 دەنگ، هشیار فەریق 203 دەنگ، خالید محەمەد 203 دەنگ و میللەت جەمال 200 دەنگ.
