زانکۆی سەڵاحەدین: ئەمساڵ 425 قوتابی نێودەوڵەتیی وەردەگرین

زانکۆی سەڵاحەدین پلانی وایە بۆ قۆناغی یەکەمی ئەمساڵ 425 قوتابی نێودەوڵەتیی وەربگرێت و 837 قوتابی لە سەرجەم زانکۆکانی هەرێمی کوردستان گواستنەوەیان بۆ کراوە.

سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەدین، ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ـی ئەیلوولی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: بۆ یەکەمجار ئەمساڵ زانکۆی سەڵاحەدین دەیەوێت زۆرترین قوتابی بۆ قۆناغی یەکەمی ئەمساڵ وەربگرێت، ساڵی ڕابردوو حەوت هەزار و 9 قوتابی وەرگیراون.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەدین گوتی: ئەمساڵ پلان وایە 10 هەزار و 358 قوتابی وەربگیرێت، هەروەها لەو ژمارەیە 425 قوتابی نێودەوڵەتیی وەربگرێت و هاوکات 837 قوتابی لە سەرجەم زانکۆکانی هەرێمی کوردستان گواستنەوەیان بۆ کراوە بۆ هەمان زانکۆ.

سامان عەبدوڵڵا، ئاماژەی بەوە کرد، ساڵانە چەندین قوتابی لە وڵاتانی دیکە بە مەبەستی پرۆسەی خوێندن داواکاری پێشکەش دەکەن، بەتایبەتی لە بەشەکانی چینی، کوردی، عەرەبی، فەرەنسی و چەندین بەشی دیکە.

 جیا لەوە ئەمساڵ زانکۆی سەڵاحەدین کۆلێژێکی دیکە و چەندین بەشی نوێی کردەوە.

 زانکۆی سەڵاحەدین، ساڵی 1968 لە شاری سلێمانی دامەزرا،  لە ساڵی 1981 گواسترایەوە شارى هەولێر و لە 17 کۆلێژ پێکهاتووە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment