کەمێکی دیکە 120 ملیار دینار دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

بەشێکی داهاتی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی عێراق.

سەرچاوەیەک لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کەمێکی دیکە 120 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی عێراق.

ئەم هەنگاوە، لە چوارچێوەی ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنی ئەم دواییەی نێوان هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت و خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم. 

شەوی ڕابردوو (چوارشەممە، 24ـی ئەیلوولی 2025)، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ـی ئەیلوول، 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ دەخەنە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق، تا ئەو وەزارەتەش مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات. 

هەورامانی دووپاتی کردەوە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، هەموو ئامادەکارییەکی کردووە و هەر لەگەڵ گەیشتنی مووچەی مانگی تەمموز (حەوت)، دەست بە دابەشکردنی دەکەن. باسی لەوەش کرد "لیستی مووچەی مانگی هەشتیش ئامادە کراوە و بەمزووانە ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت."

گوتەبێژی حکوومەت ئەوەی خستەڕوو "به‌پێی یاسای کارگێڕیی دارایی، به‌پێی یاسای بودجه‌، ئه‌م بڕه‌ پاره‌یه‌ (120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ) بۆ حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان دیاری نه‌کراوه‌ که‌ بیدات؛ به‌ڵام جارێ له‌م قۆناغه‌دا، به‌لامانه‌وه‌ گرنگه‌ مووچە زوو بگاته‌ ده‌ستی هاونیشتمانیانمان. ئه‌گینا بۆ ساڵی 2026، ئێمه‌ ده‌چینه‌ گفتوگۆ و داواکردنی بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌؛ چونکه‌ به‌ڕاستی مافی هه‌رێمی کوردستان ته‌نها ئه‌م مووچه‌یه‌ نه‌بوو که‌ ئه‌م هه‌موو گفتوگۆ و دانوستان و هێنان و بردن و دادگای فیدراڵی و ئه‌نجوومه‌نی ده‌وڵه‌ت و ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی بەدوادا هات. ئەمە شتێکە لە یاسای بودجەدا یەکلایی بووەتەوە، به‌ڵام ئیتر وای لێ هات."

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment