کۆمپانیای سۆمۆ: بەهای هەناردەی نەوت لە مانگی ئابدا زیاتر لە حەوت ملیار دۆلار بووە

کۆمپانیای سۆمۆ بڵاویکردووەتەوە هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی ئابدا 104 ملیۆن بەرمیلی تێپەڕاندووە و داهاتەکەشی زیاتر لە حەوت ملیار دۆلار بووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ـی ئەیلوولی 2025، کۆمپانیای بەبەبازاڕکردنی نەوتی عێراق 'سۆمۆ' لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، کۆی گشتی هەناردەی نەوتی عێراق بۆ مانگی ئابی ڕابردوو 104 ملیۆن و 806 هەزار و 884 بەرمیل بووە، هەروەها داهاتەکەشی زیاتر لە 7.16 ملیار دۆلار بووە.

کۆمپانیای سۆمۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، هەناردەی نەوتی خاو لە کێڵگەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق 103 ملیۆن و 895 هەزار و 706 بەرمیل بووە، هاوکات هەناردەی کێڵگەی گەیارە 911 هەزار و 178 بەرمیل بووە.

کۆمپانیاکە باسی لەوەشکردووە، لەم مانگەدا هیچ بڕە نەوتێک هەناردەی ئوردن نەکراوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆمپانیای سۆمۆ، هەناردەی نەوتی عێراق بۆ مانگی تەمووزی رابردوو "104 ملیۆن و 750 هەزار و 788 بەرمیل بووە، داهاتەکەشی  7 ملیار و 184 ملیۆن و 449 هەزار دۆلار بووە".

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment