هەناردەی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان دەستی پێکردەوە

دوای زیاتر لە دوو ساڵ و نیو لە ڕاگرتنی، کاتژمێر 6:50 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 27ی ئەیلوولی 2025 هەناردەکردنەوەی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان لە کێڵگەی نەوتی پێشابوورەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا دەستی پێکردەوە و ڕۆژانە 190 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی کوردستان لەو بەندەرە بەبازاڕ دەکرێت.
دوا چەندین کۆبوونەوەی شاندی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، دواجار ڕێککەوتنی سێقۆڵی لەنێوان هەردوو وەزارەت و کۆمپانیا بیانییەکانی وەبەرهێنانی نەوت کرا، بۆ ئەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەی بەندەری جیهان دەکرێتەوە.
ئەمە دیمەنی کردنەوەی قوفلی بۆری هەناردەی نەوتی کێڵگەی نەوتی پێشابوورە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا، کە پرۆسەکە لە لایەن نوێنەرانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی حکوومەتی فیدراڵی عێراق چاودێری دەکرێت.
مەسرور بارزانی: کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان دووبارە بە بازاڕی جیهانیی نەوت بەسترانەوە
مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بارەی ڕێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوت لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی "ڕێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری نەوت لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ و کۆمپانیای سۆمۆ، دەستکەوتی ماندووبوون و هەوڵی زوری تیم و شاندەکانی هەموو لایەک بووە. بەم هەنگاوە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان دووبارە بە بازاڕی جیهانیی نەوت بەسترانەوە.
سوودانی: گەیشتینە ڕێککەوتنێکی مێژوویی
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، پێنجەشەممە 25ـی ئەیلوولی 2025، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت: ئەمڕۆ گەیشتینە ڕێککەوتنێکی مێژوویی کە تێیدا وەزارەتی نەوتی فیدراڵ نەوتی خاوی بەرهەم هێنراو لەو کێڵگانەى کە دەکەوێتە هەرێمی کوردستان وەردەگرێت و لە ڕێگەی بۆری عێراق- تورکیاوە هەناردەی دەرەوەی دەکات.
سوودانی دەڵێت: هەناردەکردنەوەی نەوت، دابەشکردنی سامان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دەستەبەردەکات و سەرچاوەکانی هەناردەکردن هەمەچەشن دەکات.
هەروەها نووسیویەتی: ئەو ڕێککەوتنە هاندەری وەبەرهێنان دەبێت.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ: ئەورووپا بۆ جێگرەوەی نەوتی ڕووسیا، پێویستی بە نەوتی کوردستانە
هەر لە بارەی ڕێککەوتنی سێقۆڵی و دەستپێکردنی پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوت کوردستان، عەلی نزار، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ، ئێوارەی دوێنێ هەینی 26ـی ئەیلوولی 2025، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: دانوستان و گفتوگۆکانی تا گەیشتن بە ڕێککەوتن، 30 مانگی خایان، ئێستاش ڕۆژانە هەرێمی کوردستان نزیکەی 240 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکات، بەڵام ڕۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ پێویستی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان بەکار دەهێنرێتەوە.
گوتیشی: نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بە بازاڕکردن هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکی دەکرێت لەسەر دەریای سپی، کە ناوەندی بازاڕی ئەورووپایە، چونکە ئەورووپا پێویستی بە نەوتی هەرێمی کوردستان هەیە بۆ جێگرەوەی نەوتی ڕووسیا، دەکرێت ئەمەریکای باکوور و باشووریش سوود لە نەوتەکە وەربگرن.
بە گوێرەی ڕێککەوتنی سێقۆڵی، حکوومەتی فیدراڵ قەرەبووکردنەوەی کۆمپانیاکان لە ئەستۆ دەگرێت، هەروەها بۆ هەر بەرمیلێک 16 دۆلار بە کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان دەدرێت و شایستەکانیان لە ڕێگەی بانکی فیدراڵیی ئەمەریکاوە وەردەگرن.
عەلی نزار هەر لە بارەی ڕێککەوتنی دووبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە، ئەم ڕێککەوتنە کاتیی نابێت بەڵکو دەبێتە بناغەیەک بۆ لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنێکی درێژخایەن.
لە 25ی ئاداری ساڵی 2023ـەوە، بەهۆی سکاڵایەکی عێراق لە دژی تورکیا، هەناردەکردنی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە ڕاگیراوە.