وەزیری وزەی تورکیا: هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆری نەوتی عێراق – تورکیا دەستی پێکردەوە

ئاڵپ ئەرسلان بایرەقدار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا ڕایگەیاند، هەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێگەی بۆری نەوتی عێراق – تورکیا دەستی پێکردەوە.
بایرەقدار لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، کاتژمێر 07:07 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 27ی ئەیلوولی 2025 پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێگەی بۆری عێراق – تورکیا دەستی پێکردووتەوە، کە پێشووتر لە شوباتی 2023 بەهۆی ڕووداوەکانی بوومەلەرزەوە هەناردەکردن لە ڕێگەی ئەم هێلەوە ڕاگیرا بوو، بەڵام دواتر لە 4ی تشرینی یەکەمی 2023، بۆرییەکانی هەناردەکردنی نەوت لەلایەن کۆمپانیان بوتاش نۆژەنکرانەوە.
هەناردەکردنی نەوتی خاوی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای بڕیارێکی دادگای پاریس کە لە 25ی ئاداری 2023 ڕاگیرابوو، بەڵام دوای گفتوگۆ و دانوستانی نێوان هەردوو وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و سامانە سروشتییەکانی هەرێمی پاش 30 مانگ توانرا لەگەڵ کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی نەوت، ڕێککەوتنی سێقۆڵی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی خاوی کوردستان بکەن.
بە گوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی کراوە، ڕۆژانە نزیکەی 240 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام 190 هەزار بەرمیل هەناردەی دەرەوە دەکرێن و لە ڕێگەی کۆمپانیا سۆمۆوە دەفرۆشرێن، هاوکات 50 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بۆ پێوێستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەکار دەهێنرێت.