ئەمساڵیش بایکۆتی کردووە؛ کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەنگی بە یامال نەداوە

ئەنجامی دەنگەکانی خەڵاتی کۆپا بڵاوکرایەوە

لامین یامال و کریستیانۆ رۆناڵدۆ
لامین یامال و کریستیانۆ رۆناڵدۆ

ئەنجامی دەنگەکانی خەڵاتی کۆپا بڵاوکرایەوە و کریستیانۆ رۆناڵدۆ جارێکی دیکە بایکۆتی رێوڕەسمی خەڵاتەکانی باڵۆن دۆری کردووە، دەنگی بۆ خەڵاتی کۆپا نەداوە کە براوەکانی پێشووی باڵۆن دۆر مافی دەنگدانیان هەبوو.

رۆژنامەی لیکیپی فەڕەنسی ئەنجامی دەنگەکانی خەڵاتی کۆپای بۆ باشترین یاریزانی لاوی جیهان راگەیاندووە کە لامین یامال هێرشبەری لاوی بارسێلۆنا خەڵاتەکەی بردەوە، بەگوێرەی یاساکانی خەڵاتەکە براوەی ساڵانی پێشووی باڵۆن دۆر مافی دەنگدانیان هەبوو، بەڵام کریستیانۆ رۆناڵدۆ و میشێل پلاتینی و کێڤن کیگان دەنگیان نەداوە و ئامادە نەبوون بەشداریی ئەو پرۆسەیە بکەن.

چەند ساڵێکە کریستیانۆ رۆناڵدۆ بایکۆتی خەڵاتەکانی باڵۆن دۆر و زەبێستی کردووە و بەهیچ شێوەیەک بەشداریی دەنگدانەکانیان ناکات، ساڵی رابردووش وەکو کاپتنی هەڵبژاردەی پۆرتوگاڵ بەشداریی دەنگدانی باشترینەکانی ساڵی نەکرد و بێرناردۆ سیلڤای لە شوێنی خۆی دەستنیشانکرد.

بەگوێرەی ئەو ئەنجامەی رۆژنامەی لیکیپ بڵاویکردووەتەوە، زینەدین زیدان، رۆناڵدۆ نازاریۆ، لیۆنێل مێسی، کەریم بێنزێما، رۆدری، لوکا مۆدریچ، لویس فیگۆ، رۆناڵدینیۆ، روود خۆلێت، ریڤاڵدۆ، ریکاردۆ کاکا، فابیۆ کاناڤارۆ، پاڤێل نێدڤێد و مارکۆ ڤان باستن بۆ خەڵاتی کۆپا دەنگی یەکەمیان بە لامین یامال داوە، کە هەر براوەیەکی باڵۆن دۆر بۆی هەبووە سێ یاریزان دەستنیشان بکات و بەگوێرەی ریزبەندییان خاڵیان پێدەدرێت.

یامال بە کۆکردنەوەی 124 خاڵ خەڵاتی کۆپای بەدەستهێنا و دێزرێ دۆوێ لە پلەی دووەم 72 خاڵی کۆکردەوە و جواو نێڤێش بە 23 خاڵ پلەی سێیەم دێت.

 
Fly Erbil Advertisment