حەیان عەبدولغەنی: لەدوای هەناردەکردنی نەوت حکوومەتی فیدراڵ پابەندە بە ڕەوانەکردنی مووچە

حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: وەک دەزانن ئەمڕۆ ڕووداوێکی مێژووییە لە عێراق، ئەو ڕێککەوتنەی کە لە 25ـی ئەم مانگە واژۆ کرا، ئەمڕۆ جێبەجێکرا.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە چوارچێوەی ئەم ڕێککەوتنە هەموو نەوتی بەرهەمهاتووی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێت و هەناردە دەکرێت، هەروەها 50 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەش بۆ بەکارهێنانەوە ناوخۆ لەلایەن هەرێمی کوردستان گل دەدرێتەوە، ئەوەی دیکە بە تەواوی لە ڕێگەی بۆریی نەوتی عێراق - تورکیاوە هەناردە دەکرێت، وەک دەزانن هەناردەکردن لە بۆریی نەوتی عێراق - تورکیا زیاتر لە دوو ساڵە وەستاوە.
ڕآشیگەیاند، پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، دراوەتە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت سۆمۆ، گوتیشی: ڕێککەوتنەکە کە لە 25ـی ئەم مانگە واژۆ کرا، سێ بڕگەی سەرەکی لەخۆ دەگرێت، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە درێژایی ئەم ڕێککەوتنە پابەند دەبێت بە گەرەنتی دابینکردنی تەواوی نەوتی خاو، کە لە کێڵگە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێت، بەبێ ئەو بڕەی کە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ تەرخان کراوە، کە 50 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا.
حەیان عەبدولغەنی ڕوونیشی کردەوە، واتە، ئێمە وەک وەزارەتی نەوت، نەوتەکە لە پێشابوور وەردەگرین، کە خاڵی وەرگرتنە، دوای ئەوە ئێمە بەرپرسین لەگەڵ لایەنی تورکی، لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی واژۆکراو لەگەڵ تورکیا، بۆ تەواوکردنی پرۆسەی گواستنەوەی نەوت بۆ بەندەری جەیهانی تورکی.
وەزیری نەوت باسی لەوەشکرد، قەرەبووی دارایی دیاریکراو بەپێی هەموارکردنی یەکەمی یاسای بودجەی عێراق، 16 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک نەوت، کە ڕەنگە بڵێن زۆرە، بەڵام ئێمە کێڵگەی نەوتیمان هەیە لە ناوەڕاستی عێراق، تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت زیاترە لە 16 دۆلار، بۆیە زۆر ئاساییە، و ئێمە لە بەرامبەردا کێڵگەی نەوتیمان لە باشوور هەیە، تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک دۆلار و نیوێک یان دوو دۆلارە، زیاتر لەوە نییە.
بۆیە، ئەمە پشت بە سروشتی بیرە نەوتەکە و سروشتی ناوچەکە دەبەستێت.
دەشڵێت: ئەو کێڵگەیەی کە تێچووی بەرهەمهێنانی زیاتر لە 16 دۆلارە، وەزارەتی نەوت جیاوازیی تێچووەکە دەدات، بە پێچەوانەوە، ئەگەر تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک کەمتر بێت، ئەوا بە پێچەوانەوە دەبێت، بۆیە لەسەر ئەو بنەمایە هەژمار دەکرێت. گوتیشی: لەدوای هەناردەکردنی نەوت حکوومەتی فیدراڵ پابەندە بە ڕەوانەکردنی مووچە.
حەیان عەبدولغەنی لە وەڵامی پرسیارێکی شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان 24 سەبارەت بە هەناردەکردنی غازی هەرێمی کوردستان، گوتی: ئەمڕۆ عێراق غاز لە وڵاتانی دەرەوە هاوردە دەکات، ئەگەر غازی زیادە لە هەرێمی کوردستان هەبێت، ئەوا ڕەوانەی ناوخۆ دەکرێت بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبای پارێزگاکانی عێراق، بۆیە ئێمە وەکو حکوومەت، بەهیچ شێوەیەک، پشتگیری لە هەناردەکردنی غاز ناکەین لەم قۆناغەدا.
دوای زیاتر لە دوو ساڵ و نیو لە ڕاگرتنی، کاتژمێر 6:50 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 27ی ئەیلوولی 2025 هەناردەکردنەوەی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان لە کێڵگەی نەوتی پێشابوورەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا دەستی پێکردەوە و ڕۆژانە 190 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی کوردستان لەو بەندەرە بەبازاڕ دەکرێت.
دوا چەندین کۆبوونەوەی شاندی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، دواجار ڕێککەوتنی سێقۆڵی لەنێوان هەردوو وەزارەت و کۆمپانیا بیانییەکانی وەبەرهێنانی نەوت کرا، بۆ ئەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەی بەندەری جیهان دەکرێتەوە.