سیروانی نوێ هاتریكی كرد
زاخۆ پلەی دووەمی خولی لاوانی ژێر 20 ساڵانی كوردستانی بەدەستهێنا

سیروانی نوێ لە یاریی كۆتایی خولی لاوانی ژێر 20 ساڵانی كوردستان لە زاخۆی بردەوە و بۆ سێیەم وەرز لەسەریەك بووە پاڵەوانی خولەكە.
ئەمڕۆ شەممە، 27 ئەیلوولی 2025، یاریی كۆتایی خولی لاوانی ژێر 20 ساڵانی كوردستان لە یاریگەی هەندرێن لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو كە تێیدا سیروانی نوێ بە 3 گۆڵ بەرامبەر گۆڵێك شكستی بە زاخۆ هێنا، گۆڵەكانی سیروانی نوێ لە لایەن (ئادەم هەمزە، سامی سەعید و راستی ستار) تۆمار كران، تاكە گۆڵەكەی زاخۆش لە لایەن دلاوەر مەران تۆمار كرا.
سیروانی نوێ هاتریكی تۆمار كرد و سێیەمین وەرزە لەسەریەك دەبێتە پاڵەوانی خولی لاوانی ژێر 20 ساڵان.
لە قۆناغی دووەمی خولی لاوانی كوردستان 12 یانە دابەشكرا بوون بەسەر چوار كۆمەڵەدا: کۆمەڵەی یەکەم: (هەولێر، پیشەسازی و ئاکرێ) و کۆمەڵەی دووەم: (پێشمەرگەی هەولێر، زاخۆ و هەندرێن)، کۆمەڵەی سێیەم: (رانیە، سیروانی نوێ و شۆریجە)، کۆمەڵەی چوارەم: (قەڵادزێ، خاک و رزگاری). دواجار یانەكانی زاخۆ و سیروانی نوێ گەیشتنە یاریی كۆتایی و نوێنەرەكەی سلێمانی نازناوەكەی بردەوە.
