تەواو؛ چیدیکە ڤار بەکارنایەت و فیفا سیستەمێکی نوێ تاقیدەکاتەوە
هاوشێوەی پاڵەوانێتییەکانی گراندسلام راهێنەران بۆیان هەیە داوای پیداچوونەوە بکەن

فیفا دەیەوێت گۆڕانکاریی لە سیستەمی ڤاردا بکات و چیدیکە ئەم سیستەمە بەکار نەهێنێت، بۆ ئەوەی فەوتاندنی کات و دواکەوتنی ناوبژیوانان بۆ پیداچوونەوە کەم بکرێتەوە، بڕیاری گەڕانەوە بۆ ڤار دەدرێتە دەستی راهێنەران.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان بۆیەکەمجار لە مێژوودا دەستی بە جێبەجێکردنی سیستەمی FVS کردووە، لە مۆندیالی ژێر 20 ساڵان لە چیلی بۆیەکەمجار ئەم سیستەمە پەیڕەو دەکرێت، لە یاریی کۆریای باشوور و ئۆکراینا و یاریی مەغریب و ئیسپانیا بۆیەکەمجار ئەم سیستەمە پەیڕەو کرا، کە پێی دەگوترێت سیستەمی Football Vedio Support سیستەمی پشتیوانیکردنی ڤیدیۆیی.

بەگوێرەی سیستەمە نوێیەکە کە فیفا دەیەوێت لەجیاتی ڤار پەیڕەوی بکات، هەر راهێنەرێک دوو کارتی پێدەدرێت، راهێنەرەکە دەتوانێت لە یارییەکە دوو جار داوای پێداچوونەوە بە بڕیاری ناوبژیوان بۆ هەژمارکردنی لێدانی سزا، یان کارتی سوور یان پێناڵتی بکات، کە ئەوکاتەی راهێنەرەکە گومانی لە بڕیاری ناوبژیوان هەبوو کارتەکە بەرز دەکاتەوە و اداوا لە ناوبژیوانی چوارەم دەکات پێداچوونەوە بە بڕیارەکە بکرێت.
بەوهێرەی سیستەمی FVS ناوبژیوانی چوارەم دوای هەر گۆڵێک لەلای خۆی گۆڵەکە چێک دەکاتەوە و ئەگەر گومانی لە دروستی گۆڵەکە هەبوو، ئەوا داوا لە ناوبژیوانی ناوەڕاست دەکات بچێتە سەیری گۆڵەکە بکاتەوە و بڕیاری کۆتایی بدات.
پێشتر ئەم سیستەمە لە تێنس جێبەجێکراوە و ساڵانێکی زۆرە لە پاڵەوانێتییەکانی تێنسی گراند سلام، تێنسزانانی لە هەر سێتێک سێ جار مافی داواکردنی چێککردنەوەی بڕیارەکانی ناوبژیوانانیان هەیە، ئەگەر یارییەکە بۆ تای برێکیش درێژ بێتەوە، تێنسزانەکە دەرفەتێکی دیکەشی بۆ زیاد دەبێت بۆ ئەوەی داوای چێککردنەوە بکات.
