بە فەرمی نرخی بلیتی یارییەكەی زاخۆ و قادسیەی كوێتی دیاریكرا
چوار جۆر نرخی بلیت بۆ یاریی زاخۆ و قادسیە دیاریكراوە

دەست بە فرۆشتنی بلیتی یاریی زاخۆ و قادسیەی كوێتێ لە چامپیۆنزلیگی ئاسیا كرا، نرخی بلیتەكانیش لە پێنج هەزار دیناری عێراقی دەست پێ دەكات و گرانترین بلیتیش دەگاتە 100 هەزار دینار.
ئەمڕۆ دووشەممە، 29 ئەیلوولی 2025، لە دوازدە شوێن و فرۆشگای جیاوازی زاخۆ دەست بە فرۆشتنی بلیتی یارییەكەی نێوان زاخۆ و قادسیەی كوێتی كرا كە بڕیارە یارییەكە سبەی سێشەممە لە یاریگەی یانەی دهۆك لە كاتژمێر 08:30ـی شەو بە كاتی هەولێر بكرێت.
بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی كوردستان24، بۆ یاریی نێوان زاخۆ و قادسیەی كوێتی 21 هەزار هاندەر دێتە نێو یاریگەی یانەی دهۆك، نرخی بلیتی خێزانی بە 10 هەزار دینار بۆ دەرگایەكانی ژمارە (2 و 3) دیاریكراوە، جگە لەم دوو دەرگایە، سەرجەم دەرگایەكانی دیكە نرخی بلیتەكەی 5 هەزار دینارە، بەڵام 25 هەزار دینار بۆ شوێنی VIP هەروەها 100 هەزار دینار بۆ شوێنی VVIP دیاریكراوە.
یانەكانی قادسیە و زاخۆ هاوشانی عەینی ئیماراتی و سترەی بەحرێنی لە كۆمەڵەی یەكەم یاریی دەكەن، بڕیاریشە یاریی گەڕانەوەی نێوان قادسیە و زاخۆ لە رۆژی 10ـی شووباتی 2026 لە كوێت بەڕێوە بچێت.