وەزارەتی خوێندنی باڵا دەرچووانی پۆلی 12 ئاگادار دەکاتەوە

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوە زانستی، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ، وادەی پڕکردنەوەی فۆڕمی زانکۆلاینی درێژ کردەوە و ڕایگەیاند: ئەمە دوا دەرفەتە و چیدیکە وادەکە درێژ ناکرێتەوە، بۆیە پێویستە دەرچووانی پۆلی 12 پەلە لە پڕکردنەوەی فۆڕمەکە بکەن.
سێشەممە 30ـی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوە زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ماوەی (48) کاتژمێر، وادەی پڕکردنەوەی فۆڕمی زانکۆلایەنی درێژ کردەوە، تاوەکو ئێستا 49 هەزار و 808 دەرچووی پۆلی 12ـی ئامادەیی، داواکارییان بۆ زانکۆلاین پێشکەش کردووە.
وەزارەتەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لەپێناو پێدانى دەرفەتى زیاتر بە دەرچووانى 12ـی ئامادەیى، بۆ ئەوانەى تا ئێستا فۆڕمى (زانکۆلاین) یان پڕنەکردووەتەوە یان تەواویان نەکردوە، ئەم بڕیارە دراوە، دوا دەرفەتیش بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمەکە شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی ڕێکەوتی (2/10/2025)ـە.
وەزارەتەکە دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی ئاگادار دەکاتەوە و دەڵێت: ئەمە دوایین دەرفەتە و چیدیکە ماوەى زانکۆلاین درێژ ناکرێتەوە، بۆیە پێویستە پەلە بکەن لە پڕکردنەوە و تەواوکردنی فۆڕمی زانکۆلاین.
ئەمساڵ، 115 هەزار و 787 قوتابی بەشداریی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ـی ئامادەییان کرد، هەروەها ڕۆژی سێشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2025، ئەنجامی خولی دووەمی تاقیکردنەوەکانی پۆلی12 ڕاگەیەنرا.
دواتر بۆ ڕۆژی سێشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2025، سیستەمی زانکۆلاین بۆ دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی کاراکرا.