نرخی گۆشتی سوور لە هەرێمی کوردستان دابەزیوە

نرخی گۆشتی سوور لە هەرێمی کوردستان دابەزیوە، گۆشتفرۆشێک نرخی کیلۆیەک گۆشت بە چوار هەزار دینار کەمتر دەفرۆشێت بەهۆی هەرزانی نرخی گۆشتەکەیەوە خەڵک لە شارەکانی دیکەوە سەردانی دەکەن.

لە ماوەی چەند مانگی رابردوو نرخی ئاژەڵی زیندوو دابەزیوە، بەڵام هێشتا نرخی گۆشتی سوور  لای بەشێک لە گۆشتفرۆشان گرانە، بە پێچەوانەی ئەوان گۆشفرۆشێک لە تەقتەق کیلۆیەک گۆشتی سوور بە چوار هەزار دینار کەمتر دەفرۆشێت و دەڵێت بەم ڕێگەیە قازانجم زیاترە، کەمالی گۆشتفرۆش دەڵیت: بەهۆی هەرزانکردنی گۆشتەوە کڕیارم لە شارەکانی کەرکووک و هەولێر و ناوچەکانی ترەوە بۆ پەیدابووە.

لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان نرخی یەک کیلۆ گۆشت بە ئێسک لەنێوان 14 بۆ 15 هەزار و گۆشتی نەرمە 16 بۆ 18 هەزار دینارە.

کەمال شێخ محەممەد، گۆشفرۆش بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەگەر گۆشتەکەم مۆری پێوە نەبوو با کڕیار نەیکڕێت، دەشڵێت: من بە کڕیارەکانم گوتووە ئەگەر بەدەستی من ڕازی نین، بەخۆتان گۆشتەکە لە کەلەش بکەنەوە، کارەکەشمان لەباوکمانەوە بۆ ماوەتەوە و شارەزاییمان لێ هەیە.

ئاماژەی بەوەش کرد، من گۆشتی بەرخ بە نرخی 12 بۆ 12،500، دەفرۆشم، بۆمن قازانجی هەیە، بەڵام لەبەر خاتری کەناڵی کوردستان24، گۆشتی بە ئێسک دەکەمە 10 هەزار و نەرمەش دوو کیلۆ 25 هەزار.

هەرزانی نرخی گۆشتەکەی وایکردووە زۆرێک لە کڕیارەکانی ئەو گۆشتفرۆشە لە شار و ناوچەکانی ترەوە دێن و بڕێکی زۆر گۆشت دەکڕن و دەیبەنەوە، مام احمد لە کەرکووکەوە هاتووە و یەکەم جاریشی نیە بۆ گۆشت کڕین دێتە تەقتەق.

ئەحمەد صادق، هاووڵاتی دەڵێت: من پارساڵیش و ئەمساڵیش گۆشت لێرە دەکڕم، چونکە گۆشتەکەیان خاوێنە، داواش لە گۆشتفرۆشەکانی دیکە دەکەم وەکوو ئەم گۆشتفرۆشە نرخی گۆشتەکانیان هەرزان بکەن.

چاودێر حەکیم، هاووڵاتی باسی لەوەکرد، گۆشتەکەیان بێکێشە و هەرزانە، گوتیشی: ئێستا ئاژەڵ هەرزان بووە چۆن دەبێت بەگران بفرۆشرێت.

زۆری فرۆش لە دوکانەکەی ئەم گۆشتفرۆشە، وایکردووە حەوت کەس لای ئەو دەرفەتی کاریان دەست بکەوێ، ئەو بە 'زۆر دەفرۆشم و کەم قازانج' گرەوەی لە بازاڕ بردۆتەوە چونکە هەم ئەو هەم کڕیار قازانج دەکات .

 

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل