شاكارى "يەكێك لە نووسەرە مەزنەكانى جيهان" بە كوردى بڵاودەكرێتەوە

ڕۆمانى (دڵێكى وا سپى)، شاكارى نووسەرى ئيسپانى خابيێر ماريياس؛ يەكێك لە نووسەرە مەزنەكانى جيهان، كە لە لايەن ئارام ڕەشيد كراوە بە كوردى و لە پێشانگەى نێودەوڵەتیی سلێمانى بۆ كتێب، بڵاوى دەكرێتەوە.

ڕۆمانی دڵێكى وا سپى یەكەمین بەرهەمی نووسەری ئيسپانى خابيێر ماريياس-ە كە بە زمانى كوردى چاپ و بڵاو دەبێتەوە، ڕۆمانەكە لە ساڵی 1992 بڵاوكراوەتەوە و لە ساڵى 1997 خەڵاتى نێودەوڵەتى `دەبڵن ئيمپاك`ى پێ بەخشراوە.

لە بارەى ناوەرۆكى ڕۆمانەكەوە، ئارام ڕەشيد دەڵێت: "چيرۆكەكە دەربارەى وەرگێڕێكە بە ناوى خوان كە لە ڕێكخراوى نەتەوە يەكگرتووەكان و ڕێكخراوە باڵا نێودەوڵەتييەكان كار دەكات و هەر لەو ڕێگەيەشەوە بە كچە هاوپيشەيەكى ئاشنا دەبێت و هاوسەرگيرى دەكەن، كە ئەمە سەرەتاى بەسەرهاتەكەيە. خوان، لە يەكێك لە هۆتێلەكانى هاڤانايە بۆ بەسەربردنى مانگى هەنگوينيى و بەڕێكەوت گوێى لە قسەى ژنێك دەبێت لە ژوورەكەى تەنيشتيان، دەنگى ژنێك كە داوا لە پياوێك دەكات ئەگەر بەڕاستى خۆشيدەوێت، با لەبەر خاترى ئەو ژنەكەى خۆى بكوژێت، بەمەش دەكەوێتە هەڵدانەوەى ڕابردووى خۆى."

لە بارەى نووسەرى ڕۆمانەكەوە وەرگێڕ ئاماژەى بەوە داوە: "خابيێر ماريياس لە ساڵى 1951 لە مەدريد لەدايكبووە و ساڵی 2022 کۆچی دوایی کردووە. نووسەر، وەرگێڕ و ڕۆژنامەوان بووە، يەكێك بووە لە بەناوبانگترين نووسەرەكانى ئيسپانيا كە بەرهەمەكانى بۆ زۆربەى زمانە جياوازەكانى جيهان وەرگێڕدراون. لە زانكۆكانى ئيسپانيا و ئەمەريكا و لە ساڵى 1983 تاكوو 1985 لە زانكۆى ئۆكسفۆرد؛ ئەدەبياتى گوتووەتەوە."

وەك ئەوەى وەرگێڕ ئاماژەى پێكردووە نووسەرانێكى زۆر و ميديا جيهانييەكان بەم جۆرە لە بارەى ماريياسەوە نووسيويانە: ئۆرهان پاموك نووسيويەتى "خابيێر ماريياس يەكێكە لەو نووسەرانەى كە شايستەى خەڵاتى نۆبڵە." 

هەروەها جۆن ماكسوێل كۆتسى لە بارەى ماريياسەوە دەڵێت "بە بۆچوونى من ماريياس يەكێكە لە باشترين نووسەرەكانى ئەم سەدەيە." ڕايخ ڕانێسکيش نووسيويەتى "خابيێر ماريياس يەكێكە لە مەزنترين نووسەرە زيندووەكانى جيهان، هيچ نووسەرێكى تر ناناسم بەرهەمەكانى بگاتەى ئاستى ئەو، تەنيا دەتوانم بە يەك نووسەر بەراوردى بكەم: گابرێل گارسييا ماركيز." ئينديپێندنت نووسيويەتى "ئايا لە ئەوروپادا ڕۆماننووسێك هەيە، لە خابيێر ماريياس باشتر بێت؟"

ئارام ڕەشيد، لە بارەى گرنگيدانى ميديا جيهانييەكان بە ڕۆمانى دڵێكى وا سپى ئاماژە بەوە دەكات: نيويۆرك تايمز نووسيويەتى "تەكنيكى دژوار و گومڕاكەرى ماريياس لە دڵێكى وا سپى دا گەيشتووەتە لووتكەى خۆى." هەروەها واشنتن پۆست دەڵێت "ڕۆمانى دڵێكى وا سپى بە هەمان ئەو ئەندازەيەى كە بەرهەمێكى ڕەسەن و درەوشاوەيە، دڵخۆشكەر و ژيرانەشە." ڕۆژنامەى تايمزيش نووسيويەتى "دڵێكى وا سپى ڕۆمانێكى ئێجگار درەوشاوەيە، كارى سوپەر ستايلستێكە ئاڵۆزييە سەرنجڕاكێشەكانى هێنرى جەيمزمان بير دەهێنێتەوە."

ڕۆمانی (دڵێكى وا سپى) لەلایەن وەرگێڕ "ئارام ڕەشید" كراوە بە كوردی و لەلایەن ناوەندى ڕۆشنبيريى ڕەهەند چاپکراوە و لە حەوتەمين پێشانگەى نێودەوڵەتىی سلێمانى بۆ كتێب، بڵاوى دەكاتەوە. پێشانگەکە لە 3 – 13ـی ئەم مانگە لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت.

ئارام ڕەشید تا ئێستا وەرگێڕانی بۆ هەریەك لە ڕۆمانەكانی (كۆلارەباز، بەردی سەبووری، ڕێگا، بازاڕیی، كافكا لە كەنار دەریا، ترس لە مەرگ، ڕێگاكانى گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، نزا بۆ ڕفێندراوەكان) و چەند بەرهەمێکی دیکە كردووە.

 
 
Fly Erbil Advertisment