بۆچی نرخی زیو لە هەرێمی کوردستان جیاوازە لە نرخی جیهانی؟ کوردستان24 بەدواداچوونی کردووە

زیو
زیو

نرخی زیو لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو جیاوازە لە نرخی جیهانی، کە هەندێک جار دەگاتە 300 دۆلار بۆ هەر کیلۆیەک. کوردستان24 بەدواداچوونی بۆ ئەم جیاوازییە کردووە و هۆکارەکانی خستووەتە ڕوو، لەکاتێکدا بازرگانێک هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان لە کڕینی جۆرێکی دیاریکراوی زیو.

لە کاتێکدا نرخی کیلۆیەک زیو لە بازاڕەکانی جیهان بە 1530 دۆلارە، هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستان دەبێت لە نێوان 1650 بۆ 1800 دۆلار خەرج بکەن بۆ کڕینی هەمان بڕ، ئەمەش بەپێی کۆمپانیای بەرهەمهێنەری زیوەکە.

کارزان وفیق، زێڕنگەر لە بازاڕی زێڕنگەرانی هەولێر، هۆکارەکانی ئەم جیاوازییەی بۆ کوردستان24 ڕوونکردەوە "کاتێک بازرگانان زیو لە دوبەی دەکڕن، 74 دۆلار بۆ هەر کیلۆیەک وەکو نرخی کۆمپانیا دەچێتە سەر، دواتر 30 دۆلار وەک گومرگ بۆ هاوردەکردن بۆ کوردستان وەردەگیرێت. هەروەها، خەرجی حەواڵەکردنی پارە بۆ دوبەی و قازانجی بازرگانان، دەبێتە هۆی گرانبوونی نرخی زیو لە کوردستان."

بە گوتەی ئەو زێڕنگەرە "ئەم جیاوازییە لە نرخی زیو، تەنیا لە کوردستان نییە، بەڵکوو لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا هەیە."

سەرباری بەرزبوونی نرخ، خواستی زۆر لەسەر زیو هەیە، بە جۆرێک هاووڵاتییان داواکاری بۆ 25 تا 45 ڕۆژی دیکە تۆمار دەکەن.؛بەڵام کارزان وفیق هۆشداریشی دا "کڕینی زیو لە ئێستادا مەترسیدارە، چونکە نرخی هەر ئۆنسەیەک زیو کە ئێستا 47 دۆلارە، پێویستە بگاتە سەرووی 56 دۆلار بۆ ئەوەی کڕیار دەسمایەکەی بۆ بگەڕێتەوە و دواتر قازانج بکات."

لای خۆیەوە، ئامانج حاجی قادر، بازرگانی هاوردەکردنی زیو لە سلێمانی، هۆشدارییەکی تایبەت سەبارەت بە جۆرێک زیو دا کە بە "مەڕمەڕە" ناسراوە. ئەو ڕایگەیاند "بەهۆی زۆری خواستی هاووڵاتییان لەسەر ئەم جۆرە زیوە، کە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ جۆرەکانی دیکەدا نییە، نرخی 100 تا 300 دۆلار گرانترە لە جۆرەکانی تر. واتا ئەگەر نرخی زیو بە 1500 دۆلار بێت، ئەوا نرخی زیوی مەڕمەڕە دەگاتە 1800 دۆلار."

ئامانج ئاماژەی بەوەش دا "هاووڵاتییان کاتێک ئەم زیوە بە گرانتر دەکڕن، بەڵام کاتێک دەیفرۆشنەوە، بە هەمان نرخی زیوەکانی دیکە لێیان وەردەگیرێتەوە. بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەکەین تەنیا گرنگی بە کۆدەکەی سەر زیوەکە بدەن کە بە چوار نۆ (999،9) نووسراوە، وەک ئاماژەیەک بۆ جۆری زیوەکە."

 سەبارەت بە خەرجی حەواڵەکردنی دۆلار بۆ دوبەی، ناوبراو ئاشکرای کرد، بۆ هەر 10 هەزار دۆلارێک، 85 دۆلار خەرجی حەواڵەیە، ئەمەش بەشدارە لە بەرزبوونەوەی نرخی زیو لە کوردستان.

لەبارەی نرخی جیهانی زیو، لە سەرەتای ئەمساڵەوە 578 دۆلار بەرزبووەتەوە، بە جۆرێک کە نرخی هەر کیلۆیەک زیو لە 952 دۆلارەوە بۆ 1530 دۆلار بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە و گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی لە ماوەی زیاتر لە 14 ساڵی ڕابردوودا. 

دابەزینی بەهای دۆلار بەهۆی نادڵنیایی لە سیاسەتی دراوی و کەمکردنەوەی ڕێژەی سووی بانکیی ئەمەریکا، وەک هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی نرخی زیو دادەنرێن، وێڕای زیادبوونی خواست لەسەر زیو لە بواری پیشەسازیدا. هاوکات، نیگەرانی لە کەمبوونەوەی خستنەڕووی زیو لە بازاڕەکانی جیهاندا هەیە. 

پەیمانگەی زیو پێشبینی دەکات کە بۆ پێنجەمین ساڵ لەسەریەک کورتهێنان لە بازاڕی زیودا هەبێت و لە ساڵی 2025 بەرهەمهێنان 844 ملیۆن ئۆنسە بێت، کە نزیکەی 100 ملیۆن ئۆنسە کەمتر دەبێت لە خواستی جیهانی.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment